پارتی و یەکێتی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا تاوتوێ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پیرمام کۆدەبنەوە. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، ئەو بابەتانە دەخرێنە بەر باس کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە جێگری سەرۆکی پارتیشن، ئامادە دەبن.
لە لایەنی یەکێتییش قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبەیە، ئامادە دەبێت.
بەختیار قادر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "کۆبوونەوەکە کاژێر 11:00 دەستپێدەکات" و ئاماژەی بەوەش کرد، چەند مژارێکی دەخرێنە بەرباس، لەوانەش پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
پەیامنێری رووداو گوتی، "یەکێتی رەشنووسێکی ئامادە کردووە؛ پارتییش رەشنووسێکی ئامادە کردووە. ئەمڕۆ تاوتوێی رەشنووسەکان دەکرێت."
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش کە نەیویست ناوی بهێندرێت، بە رووداوی گوت، لە کۆبوونەوەکەدا چەندین مژاری دیکەش باس دەکرێن، لەوانە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 2024-10-20 کرا. پارتی 39 کورسی و یەکێتی 23 کورسی بەدەستهێنا.