وەزارەتی کشتوکاڵ: پێشبینی دەکەین نرخی 'کا' بەرزتر بێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، ئەم ساڵ 'کا' بەراورد بە پار زۆر کەمی کردووە. کافرۆشێکیش دەڵێت: "ئەم ساڵ نرخی کا دوو ئەوەندەی پارە و بەرزتریش دەبێتەوە".
رۆژی دووشەممە، 14ـی تەممووزی 2025، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرەڕای ئەوەی هێشتا وەرزی زستان نەهاتووە، بەڵام نرخی 'کا' هەر گرانە و ئەگەری هەیە لە چەند مانگی داهاتوودا نرخەکەی زیاتر بەرزبێتەوە، لەبەر ئەوەی کەم دەبێت لە بازاڕدا".
بە گوتەی فیراس سدیق، پێشبینی دەکەن، کا نیو هێندەی پار بێت. گوتیشی: "هۆکاری سەرەکی کەمبوونی بۆ وشکەساڵی و نەبوونی بارانی پێویست دەگەڕێتەوە" .
شەماڵ مەحموود، کافرۆش لە پارێزگای هەولێر بە رووداوی گوت: "نرخی کا بەراورد بە پار هەمان کات دوو بەرامبەرە، ساڵانە باران زۆر بوو، تێچووی کا کەمتر بوو، بەڵام ئەم ساڵ هەموویان بە سیستمی ئاودێری ئاودراون، بۆیە تێچووی زیاتر بووە".
لەبارەی نرخی کا، شەماڵ مەحموود گوتی: "نرخی یەک فەردەی سپی لە دوو هەزار و 500 دینارەوە بووەتە پێنج هەزار و 500 دینار، هەروەها نرخی یەک فەردەی زەردی حەفتایی لە سێ هەزارەوە بووەتە نزیکەی حەوت هەزار دینار".
ئەو کافرۆشە دەڵێت: "لە وەرزی زستاندا بەهۆی کەمبوونی کاوە نرخەکەی زۆر گرانتر دەبێت و پێشبینی دەکەین بگاتە نزیکەی 12 هەزار دینار".
لە هەرێمی کوردستان چەند جۆرێک کا دەفرۆشرێن، ئەوەی زۆرترین کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت "فەردەی سپی قەپاخدارە"، پار لە کاتی دروێنە نرخی دوو فەردەی لە نێوان دوو هەزار بۆ دوو هەزار و 500 دینار بوو.
2025-05-29، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند: "بەشێکی زۆری نیشانەکانی وشکەساڵی لە هەرێمی کوردستان دەرکەوتوون و ئەم ساڵ نزیکەی 50%ـی بەرهەمی دانەوێڵە سەوز نەبووە".