نەوافی 10 ساڵان: هەر دەگەرێم و خێزانەكەم نادۆزمەوە

سالە كوردە
ئافتونبلادتی – سوێدی

نەواف، تەمەنی دە ساڵە، كاتێك تیرۆریستەكان هاتن ئەو لە دەرەوە كایەیی دەکرد. ئەو هەر رایدەكرد و رایدەكرد و دایك و باوكی لێ ون بوو.

ئێستا پرسیار دەكات: لە هیچ شوێنێك نایاندۆزمەوە، دایك و باوكم لە كوێن؟

مینیبوسێك بەسەر پردەكەی دیجلەدا بەرە و باشوور دێت، چوار كەسی بە تەمەن و 12 منداڵ لە ناو پاسەكەوە سەردەردێن كە زیاتر لە حەمامێك دەچێت، چاوەكانیان خەفەتاوی و لێوەكانیان قڵیشاوەتەوە.

خێزانێك لە دۆزخەوە گەڕاونەتەوە و رزگاریان بووە.

بەیانی زوو رۆژی 3 ئاب، تیرۆریستەكانی دەوڵەتی ئیسلامی – داعش چوونە ناو شاری شەنگالەوە. زیاتر لە 150 هەزار كوردی ئێزدی ناچاركران ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن روو لە چیای شەنگاڵ بكەن، بەڵام لەوبەر چیاكەوە تیرۆریستان چاوەڕێیان دەكەن، هیچ رێگایەك نامێنێت. 

ئەوانەی لە دامێنی چیاكەدا بوون، گەواهی ئەوە دەدەن كە تیرۆریستەكان كۆمەڵكوژییان ئەنجامداوە و ژنان و منداڵانیان ڕفاندووە. 

ئێزیدییەكان چواردووریان گیراوە، بەبێ ئاو و نان، ئەوە لە كاتێكدایە كە پلەی گەرما لە سەروو 40 پلەیە. 

سەرۆكی ئەو خێزانەی كە تازە رزگاری بووە، باوكێكە لە تەمەنی 60 ساڵیدا، كولی ناسر، هاوار دەكات: تكایە پێمان بڵێن ئێستا ئێمە لە دەستێكی ئەمانداین. پاشان دەست بە گێڕانەوەی چیرۆكەكەی دەكات:

- سەرتا گوێمان لە دەنگی تەقە بوو، پاشان سەیارەكان هاتن، پاشان پیاوەكانی داعش، ئەوان جلی رەشیان لەبەردا بوو، ریشدرێژ و بە زمانی عەرەبی هاواریان دەكرد، ئیدی ئێمە تێگەیشتین ئەوانە كێن. 

ناسر و خێزانەكەی بەرەوە چیای شنگاڵ رادەكەن. 

هەندێك رۆژ شتێك هەبوو بیخۆین، هەندێك رۆژیش هیچ نەبوو. لاشەی مرۆڤی مردوومان دەبینی. ئێمە بەراستی تقۆیبووین. 

دوای چەند رۆژێك، هێزی پێشمەرگە رێگایەكیان كردەوە بەرەو ئەوبەری سنوور، ئەو ناوچەیەی كە لە رۆژئاوا لەژێر دەستی كورد خۆیدایەتی. 

ئەمەوە وەكو تۆپێك دەنگی دایەوە، دوای هەشت رۆژ كاروانی دوورودرێژمان بەو گەرمایە دەستی پێكرد، ئێمە چەندین كەسمان لە دوای خۆمان بەجێهێشت، منداڵ و پیرەكان، ئەوانەی كە لە تونێتیدا خەریك بوو دەمردن و نەیاندەتوانی بمەشن، ئەوە قسەی كولی ناسرە. 

بەدەم گریانەوە، ناسر درێژە بە چیرۆكەكەی دەدات و بە حەسرەتەوە دەڵێت: تەنیا توانیمان خێزانەكەی خۆمان رزگاربكەین. 

سەیارە بە دوای سەیارەدا دێت، بەڵام وێدەچێت چیاكە خاڵینەبێتەوە لە خەڵك. 

منداڵێك كە سەربە هیچ یەكێك لە خانەوادەكان نەبوو، نەوافی تەمەن 10 ساڵانبوو، كاتێك تیرۆریستەكان روودەكەن شنگال ئەو لە دەرەوە دەبێت و لەگەڵ هاوتەمەنەكانی خۆیدا یاری دەكات.

نەواف بە حەپەساوییەوە شتەكان دەگێرێتەوە، هەموو كەس رایدەكرد، پیاوێك هاواری كرد و پێگوتم: راكە بەرەو شاخەكە! نەواف هەر رادەكات و رادەكات، ئیدی تێدەگات كە لە خێزانەكەی دابڕاوە. دوای دوو رۆژ ماڵێك دەبینێتەوە كە خەڵكی هەمان گوندبوون، ئیدی نەواف تا ئێستاش باوكی و دایك و چوار خوشك و برای نەدیوەتەوە. ئەو تەنیا یەك شت دەپرسێت: كوا دایكم؟ كوا باوكم؟ كوا خوشك و براكانم؟
كاتێكیش بە تەلەفون دەیەوێت پەیوەندییان پێوەبكات، ژمارەكان بەردەست نین و لە دەرەوەی بازنەنە، ئێستا قسە لەسەر ئەوەیە، كە رۆژێك بێت ئەوان بێنەوە ناو بازنەوە، بازنەی لەئامێزگرتن و ژیان؟

نەواف بە دڵێكی پڕەوە لە لۆرەییەكان دەروانێت و چاو دەگێڕێت، بەڵكو سۆراخێكی خێزانەكەی بكات، تەنیا فرمێسكەكانی زیاد دەكات.

بە قوڵپی پڕ لە گریانەوە روو دەكاتەوە چیای شنگال و دەڵێت: لە هیچ شوێنێك ناتان بینم، لەهیچ شوێنێك ناتان دۆزمەوە، ئێوە لە كوێن!