لێکۆڵینەوە لە کەیسی کوشتنی رۆژنامەوان ویداد حوسێن بەردەوامە
رووداو - دهۆك
ویداد حوسێن، گەنجێکی تەمەن 28 ساڵی خەڵكی شاری دهۆکە، ماوەی 10 رۆژ بوو کاری بۆ ماڵپەڕێکی نزیک لە پەکەکە دەکرد وەک رۆژنامەنووس، بەیانی رۆژی 13ی ئەم مانگە کاتێک لەماڵەوە دەچێتە دەرەوە، لە گەڕەکی ماڵتای دهۆک چەند کەسێک بە دوو ئۆتۆمبێلەوە دەیڕفێنن، پاش نێوەڕۆ لەسەر رێگای سێمێل بە برینداریی دۆزرێتەوە و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی دهۆک لەوێ گیان لەدوستدەدات.
براکەی ویداد بە فرمێسکەکانییەوە باسی رفاندنی براکەی دەکات و پێیوایە براکەی بەهۆی کاری رۆژنامەڤانییەوە کوژراوە و بە کارێکی سیاسی دادەنێت.
هاوکات کەسێکی نزیکی ئاماژە بەوە دەدات، ئەوان بۆیان روون نەبووەتەوە لەسەر چی کوژراوە و کێ کوشتوویەتی، بەڵام کاتێک لە نەخۆشخانە چوونەتە سەر تەرمەکەی هەموو جەستەی لێدراویی بووە و دەموچاوی شێوێندراوە.
پۆلیس و لایەنە ئەمنییەکانی دهۆک لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردووە، بەڵام هیچ ئەنجامێکیان رانەگەیاندووە.
رائید ھێمن ئەترووشی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دھۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو گەنجە لەسەر رێگای دھۆک - سێمێل رووبەڕووی لێدان بووەتەوە، دواتر گەیێندراوەتە نەخۆشخانە و گیانی لەدەستداوە، پۆلیس لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە".
کوژرانی ئەو رۆژنامەنووسە کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و داوای دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو کارەدەکرێت.