سێوە تەمەنی 22 ساڵە و پێنج ساڵە وەرزشی کۆنگفو شاوڵین دەکات


رووداو دیجیتاڵ

سێوە خەسرەو کچێکی تەمەن 22 ساڵانە لە سلێمانی و ماوەی پێنج ساڵە وەرزشی کۆنگفو شاوڵین دەکات. سێوە دەڵێت، "باوکم زۆر هاوکارم بووە، دواتریش هاوژینەکەم هاوکاریی زۆری کردووم".
 
سێوە فێرگەیەکی هەیە، تێیدا منداڵان فێری کۆنگفو شاوڵین دەکات و دەڵێت، "هەر کەسێک لە هەر تەمەنێکدا بێت، منداڵە یان گەورە یان بەتەمەن ئەگەر رۆژانە 10 خولەک تاوەکو 15 خولەک وەرزش بکەن، بۆ ئەوەی جەستەیەکی تەندروستتان هەبێت".
 
لەبارەی کشانی جەستە ئەو راهێنەرە ئافرەتە دەڵێت، "هەموو کەسێک پێویستە بەیانیان کە لە خەو هەڵدەستێت پێویستە خۆی بکشێنێت، بۆ ئەوەی بەدرێژایی رۆژەکە جەستەی چالاک بێت و تووشی پێکان نەبێت".
 
هاوژینی سێوە خەسرەو راهێنەری کۆنگفو شاوڵینە و رۆژانە راهێنان بە سێوە دەکات. 
 
سێوە رەتی دەکاتەوە کە ئەوانەی وەرزشی کۆنگفۆ شاوڵین دەکەن شەڕەنگێز بن و دەڵێت، "ئێمە شەڕانی نین، ئەگەر ئازاریش بدرێین تەنها بەرگری دەکەین و هەموو هەوڵێک دەدەین لێدانەکانیشمان بە ئازار نەبن بۆ کەسی بەرامبەر".