داواکاری گشتیی دهۆک: بکوژی باوک و کچە ئێزدییەکە تاوانی دڕندانەی کردووە و سزاکەی لەسێدارەدانە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی فەرمانگەی داواکاریی گشتی لە دهۆک دەڵێت، بکوژی باوک و کچە شنگالییەکە "تاوانی دڕندانە"ـی کردووە و بەپێی ماددەی 406ـی سزادان تووندترین سزادەدرێت کە ئەویش "لەسێدارەدانە." ئاماژە بەوەش دەکات، تۆمەتبارەکە جارێکی دیکە لەسەر کەیسی دیارنەمانی دوو کچی رۆژئاوای کوردستان لە زاخۆ دادگەیی دەکرێتەوە.
رۆژی 4ـی ئابی 2022 ئاوارەیەکی کوردی ئێزدی بەناوی فارووق میرزا، تەمەن 42 ساڵ لەگەڵ کچە بچووکەکەی بەناوی ئاخین لە گوندی حەسەن رەشۆی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بێسەروشوێن بوون، دوای چوار رۆژ پۆلیس تەرمی فارووقی دۆزییەوە.
رۆژی یەکشەممە 14-8-2022، هەدار عەبدولمەجید، بەرپرسی فەرمانگەی داواکاری گشتی لە دهۆک بە ناسر عەلی، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆکی راگەیاند: "دوو ساڵ لەمەوبەر لە دادگەی باڵای تاوانەکانی دهۆک بکوژی باوک و کچە شنگالییەکە بە تۆمەتی رفاندنی دوو کچە نەوجەوانی ئاوارەی رۆژئاوای کوردستان دادگەیی کرا و بڕیاری ئازادکردنی درا، بەڵام ئەو بڕیارە بڕیاری کۆتایی نەبوو، بەڵکو لەبەر ئەوەبوو کە دادگە بەڵگەی تەواوەتی نەبوو بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت ئەو دوو کچە لەلایەن ئەوەوە رفێنراون، بۆیە بڕیاردرا بەپێی مادەی 422 ئازاد بکرێت."
هەدار عەبدولمەجید گوتی: "داواکاری گشتی لە دادگە لەبەر ئەوەی ناڕازیبوو لە بڕیاری ئازادکردنەکە، لەگەڵ پارێزەری خێزانی دوو کچە رفێنراوەکە لە دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەولێر تانەیان لە بڕیارەکەدا و جارێکی دیکە کەیسەکە لەلایەن دادگەی تاوانەکانی دهۆکەوە رەوانەی دادگەی لێکۆڵینەوەی زاخۆ کرا و دوای تەواوکردنی رێکارەکان، دادگەی تاوانەکانی دهۆک ماوەیەکی دیاریکرد بۆ ئاگادارکردنەوەی تۆمەتبارەکە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دادگەیی بکرێتەوە، دادگە لە 4-8-2022 گشتاندنی بۆ فەرمانی دەستگیرکردنەکە دەرکرد، بە داخەوە چەند رۆژێک لە دوای ئەو بڕیارە، تاوانبارەکە ئەو تاوانە گەورەیەی کردووە."
بەرپرسی فەرمانگەی داواکاری گشتیی لە دهۆک دەڵێت: "ئێستا کە تاوانبارەکە بە تۆمەتی کوشتنی باوک و کچە شنگالییەکە گیراوە، کەیسی رفاندنی دوو کچە رۆژئاواییەکەشی لە دادگە لەسەر دەکرێتەوە و بە هەردوو تاوان سزادەدرێت."
لەبارەی جۆری ئەو سزایەی یاسا بۆ تاوانی لەو شێوەیە دیاریکردووە، هەدار عەبدولمەجید روونیکردەوە، "بەهۆی ئەوەی تاوانەکەی دڕندانەیە، یاسای سزادانی عێراقی لەناو ماددەی 406ـی کوشتن سزای تووندی دیاریکردووە، ئەگەر زۆرە دادگەی تاوان سزای لەسێدارەدانی بۆ دەربکات."
لە مانگی 11ـی ساڵی 2020، دوو کچی تەمەن 10 ساڵ و 12 ساڵی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لە فلکەیەکی زاخۆ لەلایەن تۆمەتباری کوشتنی باوک و کچە ئێزدییەکە سواری ئۆتۆمبێل کران. بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی زاخۆ، لەبەر ئەوەی لەو شوێنەی کە تۆمەتبارەکە گوتبووی، 'لە ئۆتۆمبێلەکە دامبەزاندوون'، کامێرای چاودێری لێنەبووە، لەلایەن دادوەرەوە بە هۆکاری نەبوونی بەڵگەی پێویست ئازادکرا.