بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو: شەقامە سەرەکییەکان نۆژەن دەکەینەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو رایدەگەیێنێت، بۆ نۆژەنکردنەوەی شەقامە سەرەکییەکانی ناحیەکەیان، دەرخستەیان کردووە، رەزامەندیی لەسەر دراوە و ئەمساڵ دەخرێتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی دارەتوو بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی دارەتوو دوو دەرخستەیان بۆ پارێزگای هەولێر ناردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی شەقامە سەرەکییەکانی ناحیەکە کە ساڵانێکی زۆرە رێگەکان بە تەواوی تێکچوون و گرفتی زۆریان لەبەردەم هاونیشتمانیاندا دروستکردووە.
 
کاروان عارف، بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "بە بڕی 467 ملیۆن دینار دەرخستەمان بۆ پارێزگای هەولێر ناردووە. رەزامەندی دراوە کە شەقامە سەرەکییەکانی ناحیەی دارەتوو نۆژەن بکرێنەوە. لەمساڵدا کاری تەندەرینی بۆ دەکرێت و دەخرێتە واری جێبەجێکردنەوە."
 
بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو گوتیشی، "دەرخستەیەکی دیکەمان بە بڕی زیاتر لە 350 ملیۆن دینار بۆ پارێزگای هەولێر ناردووە بۆئەوەی گەڕەکی ژین کە لە 10 هەزار پارچە زەوی پێکهاتووە و گوندی باغەمرەی شەهاب قیرتاو بکرێن، کە چاوەڕوان دەکرێت ساڵی داهاتوو ئەو بودجەیە تەرخان بکرێت و شەقامەکانیان قیرتاو بکرێن."
 
لەبارەی کێشەی کەمئاوییەوە بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو ئاماژەی بەوە دا، ئەمساڵ گرفتی کەمئاوییان نییە جگە لە چەند شوێنێک کە ئەویش لەڕێگەی دەزگا خێرخوازییەکانەوە بە تانکەر ئاویان بۆ دابین کردوون. باسی لەوەش کرد، چوار بیری نوێیان لێداوە و کارەبایشیان بۆ نۆ بیری دیکە بردووە.
 
سەبارەت بە بڕیاری حکومەت بۆ تاپۆکردنی زەوییە زێدەڕۆییەکان، کاروان عارف ئاماژەی بەوە کرد، "بەهۆی ئەوەی ناحیەکەی ئێمە سەردەمی بەعس کۆمەڵگەیەکی زۆرەملێ بووە، کەمترین زێدەڕۆیی تێدایە و ئەو خانوو و زەوییانەی هەن، زۆرینەیان تاپۆن."
 
لە بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی دارەتوو تاوەکو ئێستا 180 مامەڵەی تاپۆکردنی زەوی و خانووی زێدەڕۆ وەرگیراون. رۆژی 09-09-2022 دوا وادەی وەرگرتنی مامەڵەی تاپۆکردنی زەوییە زێدەڕۆکانە.