قایمقامی کۆیە: تیمەکانی هەولێر، راپەڕین و دووکان هاوکارمان بوون بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئاگر لە چەند ناوچەیەکی قەزای کۆیە کەوتەوە و بۆ ماوەیەکیش رێگەی کۆیە-تەقتەق بەهۆی ئاگرەکەوە داخرا. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، بە هاوکاریی تیمی ئاگرکوێژنەوەی هەولێر، راپەڕین و دووکان ئاگرەکان کۆنترۆڵکراون و زیانی گیانی نەبووە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی ئابی 2023، ئاگر لە بەشێکی چیای هەیبەت سوڵتان و رێگەی کۆیە تەقتەق کەوتەوە. تاریق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئاگرەکە نزیک کاژێر 10:00ـی بەیانی کەوتەوە؛ بەهۆیەوە ماوەیەک رێگەی کۆیە – تەقتەق داخرا".
 
جگە لە هەیبەت سوڵتان و رێگەی کۆیە – تەقتەق، ئاگر لە چەند شوێنێکی دیکەی سنووری قەزای کۆیە کەوتبووەوە؛ تاریق حەیدەری دەڵێت، جگە لە بەرگریی شارستانی کۆیە، لە هەولێر، ئیدارەی راپەڕین و قەزای دووکانەوە تیمی فریاگوزاری هاوکارییان کردوون لە کۆنترۆڵیکردنی ئاگرەکاندا.
 
قایمقامی کۆیە ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئاگرەکان زیانی گیانییان نەبووە و دوای زیاتر لە سێ کاژێر و کاژێر 01:30ـی نیوەڕۆ کۆنترۆڵکراون.
 
بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 7 هەزار و 546 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەرێمی کوردستان روویانداوە.