ئاسایشی هەولێر: بازرگانێکی مادەی هۆشبەرمان دەستگیرکرد

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئاسایشی هەولێر دەڵێت، بازرگانێکی مادەی هۆشبەریان لە گەڕەکی هەڤاڵان دەستبەسەرکردووە؛ کاتێک ویستوویەتی هەڵبێت، خۆی بە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلدا کێشاوە. 
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 14ـی ئابی 2023، بەڕێوەبەاریەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "کەمێک لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانمانەوە بازرگانێکی مادەی هۆشبەر لەگەڕەکی هەڤاڵانی شاری هەولێر دەستگیر کرا. لەکاتی دەستگیر کردنی هەوڵیداوە بە ئۆتۆمبێل هەڵبێت و خۆی لەچەند ئۆتۆمبێلێکی هاوڵاتیانی ئەو گەڕەکە داوە." 
 
ئاسایشی هەولێر دەشڵێت، تۆمەتبارەکە دواتر لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیر کراوە. هاوکات، ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە لەکاتی دەستبەسەرکردنی تۆمەتبارەکەدا زیان بەر هێزەکانیان کەوتبێت و دەڵێت، ئەو هەواڵانە "دوورن لەڕاستییەوە کە باس لەبرینداربونی دوو کارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان دەکەن و هيچ کارمەندێکمان بریندار نەبوە." 
 
بەشێک لە شایەتحاڵان و دانیشتووانی گەڕەکی هەڤاڵان بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، تۆمەتبارەکە لە کاتی هەڵهاتنیدا، خۆی بە حەوت ئۆتۆمبێلدا کێشاوە و زیانی مادیی پێگەیاندوون.