وەزارەتی ئەوقاف: هەر کەسێک باجی دەنگخۆشی نەبێت، ناتوانێ لە پرسەکاندا قورئان بخوێنێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی باجی تایبەت بە قورئانخوێنی پرسەکان دروست دەکات. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، "لیژنەیەکی پسپۆڕ پێکهێنراوە و ئەوانەی باجیان نەبێت، ناتوانن لە پرسەکان قورئان بخوێنن."
رۆژی پێنجشەممە، 14ـی ئابی 2025، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارێکی نوێمان بۆ پرسەکان دەرکردووە، لەمەودوا ئەو کەسانەی باجیان نییە، ناتوانن لە پرسەکاندا قورئان بخوێنن. مەرجە هەموو ئەو قورئانخوێنانەی بەشداری لە پرسەکاندا دەکەن، باجی دەنگخۆشییان هەبێت."
وەکو قۆناخی یەکەم، بڕیارەکە تەنیا پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی: "بۆ ئەم مەبەستە، لیژنەیەکی پسپۆر بە سەرپەرشتیی وەزارەتی ئەوقاف پێکهێنراوە؛ تاقیکردنەوەکە هەفتانە دوو رۆژ بەڕێوەدەچێت و ئەوانەی ئارەزوومەندن، دەبێت دەنگیان خۆش بێت، ئەمە جیا لەوەی ئەوانەی قورئان دەخوێنن کەسانی ناسراو و مامۆستای ئایینین."
بە گوتەی نەبەز ئیسماعیل، پێشتر هیچ کەسێک بۆ ئەم مەبەستە دیاری نەکرابوو. بەگشتی، لە هەولێر 49 پیاو و 33 ژن لە پرسەکاندا قورئان دەخوێنن. پڕۆسەکە بە تاقیکردنەوەی دەنگ دەبێت و ئەوانەیشی شیاو نەبن، خولی راهێنانیان بۆ دەکرێتەوە.
لەبارەی ئامانجی بڕیارەکە، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی: "بۆ ئەوەیە کەسانی دەنگخۆش و شارەزا لە زانستی دەنگسازیی قورئان، لە پرسەکاندا قورئان بخوێنن."