ئاگر لە مارکێتێکی هەولێر کەوتەوە؛ '130 هەزار دۆلار زیانی لێکەوتووەتەوە'
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر رێگەی مەخموور هەولێر ئاگر لە مارکێتێک کەوتەوە؛ خاوەنەکەی دەڵێت، رووداوەکە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیاتر لە 130 هەزار دۆلار زیانی مادی لێکەوتووەتەوە.
ئاگرکەوتنەوەکە کاژێر 04:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 14-08-2025، لە مارکێتێکی نزیک مزگەوتی خدر سوارە لەسەر رێگەی مەخموور- هەولێر روویداوە. فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شوێنی رووداوەکەوە رایگەیاند، ''سەرجەم کەلوپەلەکانی نێو دووکانەکە سووتاون و هیچ شتێک بە سەلامەتی دەرنەچووە.''
تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکەیان بە تەواوی کۆنترۆڵ کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نازانرێت.
سەعدی تەها، خاوەنی مارکێتەکە بە رووداوی گوت: ''بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێ کرێکاری عەرەب تەلەفۆنیان بۆ کردم و گوتیان ئاگر لە دووکانەکەت کەوتووەتەوە، منیش بە چەند خولەکێک خۆم گەیاندە ئێرە و پەیوەندیمان بە بەرگریی شارستانییەوە کرد.''
بەگوتەی سەعدی تەها، سیستمی ئاگرکوژێنەوە لە دووکانەکەدا هەبووە، ''بەڵام بەهۆی تەشەنەسەندنی خێرای ئاگرەکەوە، نەمتوانی بچمە ژوورەوە و بەکاریبهێنم.''
رووداوەکە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام وەک خاوەنی مارکێتەکە دەڵێت، زیاتر لە 130 هەزار بۆ 140 هەزار دۆلار زیانی مادی بەرکەوتووە و سەرجەم کەلوپەلەکانی نێو دووکانەکە سووتاون.''
تاوەکو ئێستا بەرگریی شارستانی هەولێر هیچ زانیارییەکی لەسەر هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەوە نەخستووەتەڕوو و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.
6ـی تەممووزی 2025، موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەم ساڵ 650 ئاگرکەوتنەوە روویانداوە کە بەراورد بە ساڵانی رابردوو 50٪ کەمیکردووە.