ئەو کچە مۆدێلەی لە بەنزیخانەیەکی هەولێر بەنزینی رژاند دەستگیر دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی ریکلامی بۆ بەنزینخانەیەک کرد و رایگەیاند، "بەنزینیش دەڕێژین و ناشکوژرێین" سکاڵا دژی کچە مۆدێل و ئەکتەر، سامراند دارا لە شاری هەولێر تۆمار کرا و بەنزینخانەکەش داخرا.
 
سامراند دارا لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە وەکو ریکلام بۆ بەنزینخانەیەک بڵاوکراوەتەوە هەندێک بەنزین دەڕێژێت و دەڵێت: "بەنزین دەڕێژین و ناشکوژرێین.. بە گرەنتی فوولی بکە".
 
سەرچاوەیەکی باڵای کارگێڕی لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو کەسە کراوەتەوە و دەستگیر دەکرێت و دەدرێتە دادگە. ئەو بەنزینخانەکەش کە ریکلامەکەی بۆ کراوە دادەخرێت".
 
بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ ریکلامییەکەی ئەو کچە مۆدێلە لە دوای ئەوە دێت، ئێوارەی 06ـی ئەم مانگە، لە رووداوێکی تەقەکردندا کە بەهۆی رژانی بەنزینەوە دروستبوو، لە شاری هەولێر سێ کەس کوژران.
 
دوای بڵاوبوونەوەی ناڕەزاییەکان لە ڤیدیۆکە، سامراند دارا لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا دەڵێت: "نە ترسە و نە پاکانەیە، بەڵام قسە لەسەر ئەوە دەکەم کە زانیاری تەواوم لەسەر بابەتی کوشتن و نازانم چییەکە نەبووە، بەڵام زانیبووم شەڕ بووە".
 
ئەو کچە مۆدێلە دەڵێت: "داوای لێبووردن لە بنەماڵەی ئەو بەڕێزانە دەکەم کە  کوژراون، چونکە بەڕاستی بە ئەنقەست ئەو شتەم نەکردووە، چۆنیش تێدەگەن سەر سەرم".
 
سامراند دارا خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ماوەیەک وەکو ئەکتەری نواندن لە هەرێمی کوردستان کاری کردووە و ئێستاش وەکو کچە مۆدێل دەردەکەوێت.