داوا دەکرێت بۆ ساڵی نوێی خوێندن وانەبێژانی لادراو دابنرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەم ساڵ زیاتر لە 7 هەزار مامۆستا خانەنشین بوون. سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان دەڵێت، داوایانکردووە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی دروست دەبن، مامۆستایانی وانەبێژی لادراو دابنرێنەوە.
ئەیلوولی پار، وەزارەتی پەروەردە داوای لەو وانەبێژانە کرد، کە لە ساڵانی رابردوودا بە هەر هۆکارێک بووە لە کارەکەیان نەماون، فۆرم پڕبکەنەوە و بیدەنە وەزارەت، لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردە، نزیکەی دوو هەزار و 500 وانەبێژ فۆڕمیان پڕکردەوە.
کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژی پێشوو کە ئێستا کراونەتە گرێبەست، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم ساڵ زیاتر لە 7 هەزار مامۆستا خانەنشین بوون، قورسە هەموویان بە مامۆستایانی دامەزراو پڕبکرێنەوە و بە ئەگەری زۆرەوە حکومەت پێویستی بە وانەبێژانی لادراو دەبێت".
هەر ئەمڕۆ، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە پارەوە لەسەر هێڵین بۆ دانانەوەی ئەو وانەبێژانەی لەکار نەماون بە هەر هۆکارێک بووبێ، بەڵام ئەوەش پەیوەندیدارە بە لیستی مووچە و حکومەتی عێراقەوە".
ئەحمەد گەرمیانی گوتی، "پێمانباشە وەزارەتی پەروەردە لانیکەم وەکو وانەبێژ دایانبنێتەوە و ئەو داوایەشمان کردووە".
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی رێکخستنەوەی مامۆستایانی دامەزراوە بۆ ساڵی نوێی خوێندن. گوتیشی، "جارێ روون نییە کە بۆشاییەکان بە میلاک پڕدەکرێنەوە یان دامەزراندنی مامۆستای نوێ پێویست دەبێت".
کارۆخ عەبدوڵڵا نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژی پشوو دەڵێت: "زیاتر لە 7 هەزار مامۆستا خانەنشین بوون، ئەم ساڵیش تاوەکو مانگی 12 ژمارەیەکی دیکە مامۆستا بە ناچاری دەبێت خانەنشین بن، بۆیە ئەو ژمارە زۆر بە میلاکات پڕناکرێتەوە و بە ئەگەری زۆرەوە وەزارەتی پەروەردە پێویستیی بەو وانەبێژانە دەبێت، کە لەکاردا نەماون".