130 هەزار زیارەتکار لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە کەربەلا


رووداو دیجیتاڵ

بەپێی ئاماری لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ و حاجی ئۆمەران، لە دوو هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 130 هەزار زیارەتکار بە هەردوو دەروازەکەدا تێپەڕیون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئابی 2025، رێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێنی کوڕی عەلی کوڕی ئەبی تالیب، کوڕەزای پێغەمبەری ئیسلام، لە شاری کەربەلا لە عێراق و چەندین وڵاتی دیکە بەڕێوەدەچێت.
 
مەسعوود باتێلی، سەرۆکی لیژنەی باڵای پێشوازی لە زیارەتکاران لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 110 هەزار زیارەتکار لە دەروازەکە تێپەڕیون، لە کاتێکدا پار 110 هەزار کەس تێپەڕیبوون.
 
مەسعوود باتێلی پێشبینی کرد، تاوەکو تەواوبوونی رێوڕەسمەکە، نزیکەی 130 هەزار زیارەتکار بە دەروازەکەدا تێپەڕببن.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی باڵای بۆ پێشوازی لە زیارەتکاران لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران پێکهێناوە، نوێنەری وەزارەتەکانی ناوخۆ، ئاوەدانکردنەوە، دارایی و تەندروستیی تێدایە.
 
بە گوتەی مەسعوود باتێلی، لە 30ـی تەممووزەوە زیارەتکاران دەهاتن و لە ئەمڕۆوە دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکە تاوەکو 19ـی ئەم مانگە دەگەڕێنەوە.
 
لە 3ـی ئابەوە هاتنی زیارەتکاران لە دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخەوە دەستیپێکردووە.
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا 19 هەزار و 280 زیارەتکار لە دەروازەکە تێپەڕیون."
 
چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن هەموو ساڵێک لە 20ـی مانگی سەفەری کۆچی لە عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە بەڕێوەدەچێت؛ سەدان هەزار لە پەیڕەوانی شیعە سەردانی مەزارگەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا دەکەن و بە چەندین شێواز ماتەمینی دەگێڕن.
 
ئیمام حوسێن، کوڕەزای محەممەد، پێغەمبەری ئیسلام (درودی خودای لەسەر بێت)، لە شاری کەربەلا لەگەڵ خێزان و دەیان کەسوکار و لایەنگری لە ساڵی 680ـی زایینی و لەسەر دەستی لایەنگرانی یەزیدی کوڕی معاوییە، خەلیفەی ئەمەوییەکان کوژرا.
 
کوژرانی ئیمام حوسێن کۆتاییی بە ململانێی نێوان ئیمام حوسێن و یەزیدی کوڕی معاوییە و لایەنگرانی هەردوولای هێنا، چونکە ئیمام حوسێن دانی بە خەلافەتی یەزیددا نەدەنا و هەوڵی رووخاندنی دەدا.