وێنەی تانکەرێکی ئاو لە پێش بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی دەنگدانەوەی لێکەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە سۆشیاڵ میدیا وێنەی تانکەرێکی ئاو لە پێش بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بڵاوبووەتەوە دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، ئێمەش وەکو بەڕێوەبەرایەتی و شوێنەکانی دیکە، سێ رۆژ جارێک ئاومان پێدەگات.
ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تانکەرەکە موڵکی بەڕێوەبەرایەتییەکەمانە، ئێمەش وەکو هەموو بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی دیکە، سێ رۆژ جارێک ئاومان بۆ بەردەدرێتەوە و پێویستمان بە ئاوە."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی گوتیشی، "بەڕێوەبەرایەتییەکەمان ژمارەیەکی زۆر کارمەندی هەیە و ئاوی زۆرمان پێویستە."
بە گوتەی ئامانج جەلال، ئەو تانکەرە ئاوەیان بۆ ئەوە بووە، تانکی سەربان پڕئاو بکەن و باخچەکانیش ئاو بدەن.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكان، سلێمانی رۆژانە پێویستی بە 480 هەزار بەرمیل ئاو هەیە، بەڵام ئەوەی لە توانای بەرهەمهێنانیدایە تەنیا 250 هەزار بەرمیلە.