زیاتر لە دوو ملیۆن زیارەتکار لە سنووری مێهران هاتووچۆیان کردووە


رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری ئیلام رایگەیاند، رۆژانە زیاتر لە 33 هەزار زیارەتکار لە سنووری مێهران هاتووچۆ دەکەن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئابی 2025، ئەحمەد کەرەمی، پارێزگاری ئیلام رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن و 649 زیارەتکار لە دەروازەی سنووری مێهران هاتووچۆیان کردووە.
 
بە گوتەی ئەحمەد کەرەمی تەنیا لە ماوەی 5 رۆژدا یەک ملیۆن و 400 هەزار زیارەتکاری ئێرانی و بیانی لە سنوورەکە هاتووچۆیان کردووە.
 
پارێزگاری ئیلام رایگەیاند لە سنوورەکە 8 هەزار و 700 پاس بۆ هاتووچۆکردنی زیارەتکاران دابین کراوە و رۆژانە زیاتر لە 33 هەزار کەس لە سنووری مێهران هاتووچۆ دەکەن.
 
ئەحمەد کەرەمی پێشبینیی کرد هاتووچۆی رۆژانە لەو سنوورە بگاتە زیاتر لە 80 هەزار کەس لە 24 کاژێردا.
 
رۆژی سێشەممە، ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، لە 17 رۆژدا سێ ملیۆن و 400 هەزار زیارەتکار لە سنوورەکانی ئێرانەوە چوونەتە عێراق و لەو ژمارەیەش یەک ملیۆن و 500 هەزار کەسیان گەڕاونەتەوە.
 
ئەسکەندەر موئمینی گوتی: "رێکارەکانی هاتووچۆکردن لە سنوورەکان بەراورد بە پار رێکخراوتر و خێراتر بوون."
  
لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران 7 دەروازەی سنووری هەن سێ فەرمی و چواریشیان نیمچە فەرمین.