بەڕێوەبەر و گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گۆڕدران

 
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی گشتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر گۆڕدرا و عەمیدی پۆلیس کامیل محەممەد باقر حەسەن وەکو بەڕێوەبەری نوێی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستبەکار بوو. سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هەولێر گوتی: "گوتەبێژی پۆلیسیش گۆڕدراوە".
 
رۆژی پێنجشەممە، 14ـی ئابی 2025، پۆلیسی گشتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و لیوا مافپەروەر تاریق ئەحمەد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، رێوڕەسمی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر کرا. 
 
پێشتر عەمید شوان عەرەب سادق، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر بوو. پۆلیسی گشتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئێستا کامیل محەممەد باقر حەسەن وەکو بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر دەستبەکار بووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، عەمید شوان عەرەب سادق ساڵانێکە خزمەتی ئەمنیەتی شاری هەولێری کردووە و رۆڵی بەرچاوی هەبووە بۆ سەپاندنی ئارامی و پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان.
 

 
هاوکات سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هەولێر بە رووداوی گوت، جگە لە بەڕێوەبەری پۆلیس، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێریش، کارزان ساڵح، لە پۆستەکەی لادراوە، بەڵام تائێستا کەسێک بۆ شوێنەکەی دیاری نەکراوە.
 
کامیل محەممەد باقر حەسەن، لەدایکبووی ساڵی 1976ـە و 20 ساڵە وەک ئەفسەر خزمەتی هەیە، پێشتر بەڕێوەبەری نشینگەی پارێزگای هەولێر بووە. هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە زمانی ئینگلیزی دا و دەرچووی خولی باڵای ئەفسەرانی ئاسایشە.
 
پێشتر رزگار فەرزندە لە فڕۆکەخانەی هەولێر بووە، لە جێگەی کامیل محەممەد باقر حەسەن دەبێتە بەڕێوەبەری نشینگەی هەولێر.