لە کەرکووک تەرمی پیاوێکی تەمەن 60 ساڵ لە ماڵەکەیدا دۆزرایەوە


رووداو دیجیتاڵ

لە کەرکووک تەرمی پیاوێک لە ماڵەکەیدا دۆزرایەوە. پۆلیسی شارەکە دەڵێت، ئەو کەسە بە تەنیا لە خانوویەکدا ژیاوە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی بۆنی تەرمەکەی دراوسێکانی بە مردنەکەیان زانیوە.

پیاوەکە، تەمەنی 60 ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی قادسیەی کەرکووکە، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە مردنەکەی ئاگادارکراونەتەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14-08-2025، عەقید عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە رووداوی رایگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن هاووڵاتییانەوە، تیمەکانی پۆلیس دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
 
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوەدا، دۆخی تەرمی پیاوەکە نیشانی دەدات ماوەیەکی زۆر بەسەر گیانلەدەستدانی ئەو کەسەدا تێپەڕیوە.
 
گوتیشی، لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ئەم رووداوە دەستیپێکردووە و تەرمەکەش بەمەبەستی رێکارە یاساییەکان و توێکاریی پزیشکی رەوانەی دادپزیشكیی کەرکووک کراوە. 
 
بەپێی زانیارییەکانی گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، دوای پشکنینە سەرەتاییەکان لە دادپزیشکی، دەرکەوتووە پیاوەکە نەخۆشیی دەروونی هەبووە.