هەپەگە کوژرانی 12 سەرباز و تورکیاش گیانلەدەستدانی چوار گەریلای بڵاوکردەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە دەڵێت، لە 24 کاژێری رابردوودا 12 سەربازی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کوژران. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش باس لەوە دەکات، لە شەڕێکدا چوار گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە کە رۆژی 14ـی ئەیلوولی 2023 بڵاوکراوەتەوە، گەریلاکانی پەکەکە لە 24 کاژێری رابردوودا لە ناوچەکانی مەتین و زاپ و خواکوڕک لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە.
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، گەریلاکان لە چەند ناوچەیەک لە هەرێمی کوردستان 14 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی سوپای تورکیا و لە ئەنجامدا 12 سەرباز کوژراون و دوو هێلیکۆپتەریش گورزیان بەرکەوتووە. 
 
رۆژی 11ـی ئەیلوولی 2023، وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی و زەمینیدا لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی گەریلاکان بوونەتەوە و بەوهۆیەوە چوار گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە. 
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 703 گەریلا و کوژرانی 105 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی سێ هەزار و 18 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 386 گەریلای راگەیاندووە.