بکوژی هاونیشتمانییەکەی خورماڵ دەستگیر کرا
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەسێک لە ناحیەی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە کوژرا. دوای کەمتر لە کاژێرێک لە رووداوەکە، ئاسایش بکوژەکەی دەستگیرکرد.
دوای رووداوەکە، تۆمەتبار بۆ شوێنێکی نادیار هەڵات و دوای کەمتر لە کاژێرێک، ئاسایشی شارەزوور دەستگیرکردنی بکوژەکەی راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیێندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، تۆمەتبار لەکاتی لێکۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بەپێی مادەی (406) لە یاسای سزادانی عێراقی، راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان لەبارەی رووداوەکەوە بەردەوامن.
دەقی راگەیێندراوی دەزگای ئاسایش:
بەرەبەیانی رۆژی 14-09-2025، لە ناحیەی خورماڵی پارێزگای هەڵەبجە گەنجێک دەکوژرێت و دوای رووداوەکە تۆمەتبار هەڵدێت.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەزوور، دەستبەجێ لەسەر ئەم رووداوە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ئەنجامدا، دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد، لەماوەی کەمتر لە کاتژمێرێکدا توانرا تۆمەتبار دەستنیشان بکرێت و بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش دەستگیربکرێت و لەکاتی لێکۆڵینەوە تۆمەتبار دانی بەتاوانەکەیدا ناوە.
لەئێستادا تۆمەتبار بەپێی مادەی (406) لە یاسای سزادان راگیراوە.