چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەشێک لە کێشەی سزادراوانی چاکسازیی سلێمانی چارەسەر دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەک لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی دەڵێت، لەڕووی تەندروستییەوە دۆخیان خراپە، نەخۆشیی پێستیان هەیە و رێگەنادرێت ببرێنە نەخۆشخانەکانی دەرەوەی زیندان. بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانیش دەڵێت، بەشێک لە کێشەکان چارەسەر دەکەن.
 
شەریف محەممەد رەسووڵ، هاونیشتمانی لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی کە خۆی وەکو نوێنەری سزادراوانی چاکسازییەکە ناساند، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەر ژوورێکمان بۆ 8 کەس دروستکراوە، بەڵام 20 بۆ 24 کەسی تێدایە."
 
بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییە، نەخۆشی پێست لەنێو سزادراوان "زۆر بووە و رێگە نادرێ ببرێنە نەخۆشخانەی دەرەوە، لەنێو چاکسازیشدا دوو مانگ جارێک پزیشکی پێست دێ؛ هەروەها رێگە نادرێ لە دەرەوە دەرمانمان بۆ بێت و دەڵێن، دەبێ خۆمان بیهێنین و خۆشیان بە پارە دەیهێنن."
 
شەریف محەممەد گوتی، "رۆژانە یەک پزیشک تەنیا کاژێر 09:00 بۆ 11:00ـی بەیانی دادەنیشێ. لە تەواوی چاکسازییەکەشدا تەنیا دوو کارمەند کاروبارەکانمان بەڕێوەدەبەن کە زۆر کەمن و فریا ناکەون."
 
رووداو داوای سزادراوانی چاکسازیی گەورانی سلێمانی گەیاندە ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەویش بەڵێنیدا بەشێکی داواکان جێبەجێ بکەن.
 
ئیحسان عەبدولڕەحمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ژمارەی زۆری سزادراوان لە هۆڵەکاندا لە دەسەڵاتی ئێمە نییە. شوێن کەمە. دادگەکان خەڵک سزا دەدەن، ناچارین وەریانبگرین. لە چاکسازییەکانی هەولێر و دهۆکیش هەمان دۆخ هەیە."
 
لەبارەی هەبوونی نەخۆشیی پێست و نەبوونی پزیشک، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان گوتی، "بەڵێنمان لە تەندروستی وەرگرتووە کە پزیشکێکی تایبەتی پێست بۆ چاکسازی سلێمانی دابنرێ و رۆژانە دەوام بکات."
 
لەبارەی دەوامی پزیشکەکانی نێو چاکسازیش ئیحسان عەبدولڕەحمان گوتی، "پزیشکەکان لە 08:30ـی بەیانی دەچنە سەر کار، بەڵام وەک فەرمانگەکانی دیکەی دەرەوەی زیندان دواکەوتنی مووچە وایکردووە ئەوانیش لەنێو خۆیاندا دەوام بکەنە نۆرە."
 
لەبارەی رێگەنەدان بە بردنی دەرمانی پزیشکی بۆ زیندانەکان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان گوتی، "ئەوە قەدەخەیە و لە هەموو زیندانییەکیش وایە، نەوەک تەنیا چاکسازی سلێمانی. بەڵام لەنێو چاکسازیدا کێشەی دەرمانمان نییە و بەردەستە."
 
زیندانییەکان داوایانکردووە، بەشەئاویان زیادبکرێ کە بە گوتەی خۆیان رۆژانە نیو کاژێر ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە. لەبەرامبەردا ئیسحان عەبدولڕەحمان گوتی: "لەم هاوینەدا کێشەی کەمیی ئاو لە هەموو سلێمانی هەبوو، بەڵام بەو شێوەیەش نەبووە نیو کاژێر ئاویان بۆ بەربدرێتەوە و رۆژانە لانیکەم کاژێرێک ئاویان بۆ بەردراوەتەوە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد: "لە ئەمڕۆوە زیاتر لە جاران چاودێری چاکسازی گەورانی سلێمانی دەکەین."
 
لە هەرێمی کوردستان شەش چاکسازی هەن بە ناوەکانی چاکسازی گەوران و چاکسازی ژنان و نەوجەوانان؛ دووانیان لە سلێمانی، دووانیان لە هەولێر و دووەکەی دیکەش لە دهۆکن، لەنێویاندا زیاتر لە پێنج هەزار کەس سزاکانیان بەسەر دەبەن.