هاونیشتمانییەک لە خورماڵ بە گولـلە گیانی لەدەستدا و پۆلیس لێکۆڵینەوە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای خورماڵی پارێزگای هەڵەبجە، هاونیشتمانییەک بە گولـلە گیانی لەدەستدا. پۆلیس دەڵێ، لێکۆڵینەوە دەکەن.
رائید ئاکام قوتبەدین، گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رووداوێکی گیانلەدەستدان [بە چەک] هەیە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین".
ئەو هاونیشتمانییەی گیانی لەدەستداوە ناوی (وەهبی تاهیر مەیکە)یە و باوکی سێ منداڵە و نزیکەی 7 ساڵە لە خورماڵ دووکانی خواردەمەنی هەبووە.
رووداوەکە لەنێو دووکانی هاونیشتمانییەکەدا روویداوە و دەگوترێ "بە دەمانچە خۆی کوشتووە،" بەڵام پۆلیسی هەڵەبجە ئەوە پشڕاست ناکاتەوە.
ئاکام قوتبەدین گوتی: "دواتر روونکردنەوەمان دەبێت".
تەرمی ئەو هاونیشتمانییە لە دادپزیشکیی هەڵەبجەیە و بڕیارە دوای لێکۆڵینەوە یاساییەکان رادەستی کەسوکارەکەی بکرێتەوە.