لە کەرکووک داوای چۆڵکردنی سێ گەڕەک و ناوچە دەکرێت؛ بڕیاری رووخاندنیان دراوە
رووداو دیجیتاڵ
قائیمقامیەتی کەرکووک و وەزارەتی دارایی عێراق لە کەرکوک داوای چۆڵکردنی سێ گەڕەک و ناوچە دەکەن و بڕیارە لە شوێنیاندا چەند پرۆژەیەکی وەبەرهێنان دروست بکرێن و خاوەنی ئەو خانووانەش داوای قەربوو دەکەن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو لە کەرکووک، داوا لە دانیشتووانی گەڕەکەکانی سەرچنار، گۆڕەپانی ئاهەنگەکان و ئینزباتخانەی کۆن کراوە لە ماوەی هەفتەیەکدا خانووەکانیان چۆڵ بکەن، ئێستا ماوەکەیان بۆ مانگێک درێژکراوەتەوە.
دانیشتووانی ئەو گەڕەک و ناوچانە لەدوای ساڵی 2003ـوە بە شێوەی زێدەڕۆیی لەو ناوچانە خانوویان دروست کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو داوای چۆڵکردنی ناوچەی ئینزباتخانەی کۆن کە 50 ماڵی تێدایە لە کورد و عەرەب و تورکمان لەسەر داوای وەزارەتی دارایی عێراق بووە، نەک قائیمقامیەتی کەرکووک. بڕیارە پرۆژەیەکی گەورەی وەبەرهێنان لەسەر رووبەری ئەو زەوییەی ناوچەی ئینزباتخانەی کۆن دروست بکرێت.
هەرچی گەڕەکەکانی سەرچنار و گۆڕەپانی ئاهەنگەکانن لەلایەن قائیمقامیەتی کەرکووکەوە داوا لە دانیشتووانەکەیان کراوە خانووەکان چۆڵ بکەن و بڕووخێنرێن.
دانیشتوانی ئەو گەڕەک و ناوچانەش داوا دەکەن قەرەبوو بکرێنەوە، چونکە ئەوان لەبەر هەژاری لەو ناوچانە نیشتەجێن و بەم کاتەش هیچ شوێنێک نییە بۆی بچن.
بە گوتەی پەیامنێری رووداو، دوێنێ هەوڵێک هەبووە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ئەو 10 هەزار پارچە زەوییەی بڕیارە بەسەر کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش و زیانلێکەوتووانی ئەو شەڕەدا دابەشبکرێت، بەشێک لە زەوییەکان بۆ قەربووکردنەوەی دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە دەستنیشان بکرێت؛ ئەوانەی کە زۆر پێویستیان پێیەتی، بە مەرجێک خەڵکی کەرکووک بن. بۆ ئەو مەبەستەش رەزامەندی پیشاندراوە.