وەزارەتی خوێندنی باڵا: زیاتر لە 52 هەزار دەرچووی پۆلی 12 داواکارییان بۆ خوێندن پێشکێش کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەی ئەو دەرچووانەی 12ی ئامادەیی ئاشکرا دەکات کە داواکارییان پێشکێش کردووە بۆ خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان و دەڵێت زیاتر لە 52 هەزار و 500 خوێندکارن.
 
ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پلانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان پەسند کردووە و رایدەگەیێنێت، لە دواى تەواوبوونى پرۆسەى پێشکێشکردن لەڕێگەى زانکۆلاین، 52 هەزار و 533 خوێندکارى دەرچووى پۆلى 12 داواکارییان بۆ وەرگرتن لە زانکۆکانى کوردستان پێشکێش کردووە.
 
رۆژی پێنجشەممە 14-10-2021 بە سەرپەرشتیی د. ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆ حکومییەکان و راوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتیى تایبەتمەند کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزارەت لە سەرۆکایەتیى زانکۆى چەرمو لە قەزاى چەمچەماڵ بەڕێوەچوو.
 
وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەرکمانە بە پێشکێشکردنى باشترین کوالێتیى خوێندن خزمەت بە پایتەختى شەهیدان و خەڵکى ئەم ناوچەیە بکەین، چونکە رێبەرایەتیى خەڵکێکى تێکۆشەر و بەشمەینەتى میللـەتەکەمان دەکەن و سوپاسیشیان دەکەین بۆ هەوڵ و ماندوبوونیان بە مەبەستى پێشخستنى زانکۆکەیان.. باشترین پاداشت بۆ ماندووبوون و قوربانییەکانی خەڵکی ئەم ناوچەیە پێشکێشکردنی باشترین کوالێتیی خوێندن و فێرکردنە بە رۆڵەکانیان".
 
د. ئارام محەممەد دەڵێت، وەزارەتەکەیان بە رەچاوکردنى کوالێتیی خوێندن و لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى پلانێکى تۆکمە، کار بۆ وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەکات، "سەرەڕاى ئەو ژمارە زۆرەى دەرچووان کە داواکارییان بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان پێشکێش کردووە و ژمارەکەیان بریتییە لە 52533 دەرچوو".
 
لە بڕگەیەکى دیکەی کۆبوونەوەکەدا پرسى ئەژمارکردنى ماوەى مانەوەى خوێندکارانى خوێندنى باڵا لە دەرەوەى وڵات کە بە شێوەى ئۆنلاین بەردەوام بوون، دواى خوێندنەوەى راپۆرتى لیژنەى تایبەتمەند بەو بابەتە و گفتوگۆکردن، پێشنیازى لیژنەکە پەسند کرا؛ هەروەها چەند بابەت و پرسێکى دیکەى پەیوەست بە پێشخستنى ئاستى زانستى و ئەکادیمیى زانکۆکانى کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و پەسندکران.