هەپەگە گیان لەدەستدانی دوو گەریلای لە مێردین پشتڕاست کردەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنێکدا هێزەکانی جەندرمە دوو گەریلای پەکەکەیان کوشتووە. هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە، کوژرانی دوو گەریلاکەیانی پشتراست کردەوە.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2023، عەلی یەرلیکایا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس(توویتەری پێشوو) بڵاویکردەوە، لە رۆژی 10ـی تشرینی یەکەمی 2023ـدا لە ئۆپەراسیۆنێکی فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە لە ناوچە دوورە دەستەکانی سەر بە شارۆچکەی نسێبین لە مێردینی باکووری کوردستان، رووبەڕووبوونەوەیەک لەنێوان جەندرمە و گەریلای پەکەکە روویدا، بەهۆیەوە دوو گەریلا گیانیان لەدەستدا.
عەلی یەرلیکایا نووسیویەتی: "لە رووبەڕووبوونەوەکەدا، هەریەک لە رەمەزان تەمەل، کە بە 'نورهاک دێرک گاپ' ناسراوە و لە لیستی رەنگی پرتەقاڵی داواکراوەکاندا بووە، لەگەڵ بیلال شاهین، کە بە'یڵماز' ناسراوە کرانە ئامانج".
لەوبارەیەوە، ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هەپەگە، هەواڵی گیان لەدەستدانی هەردوو گەریلاکەیانی لە ناوچەکانی سەر بە شارەدێی ئۆمەریان سەر بە شارۆچکەی نسێبین لە مێردینی باکووری کوردستان پشتڕاستکردەوە.
هەپەگە، ناسنامەی گەریلاکانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، بیلال شاهین ناسراو بە ئیبراهیم تۆڵهیلدان لە دایکبووی ئێلیە و رەمەزان تەمەل ناسراو بە نورهاک دێرک لە دایکبووی مێردین، رۆژی 10ـی تشرینی یەکەمی 2023، لە مێردین گیانیان لەدەستدا.
رۆژی 12ـی تشرینی یەکەمی 2023، عەلی یەرلیکایا، ئاماری 120 رۆژی رابردووی ئۆپەراسیۆنەکانی "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە تەواوی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە ناوچە شاخاوییەکان، گوند و دێهاتەکان و ناوچە دوورەدەستەکان کراوندا کراون؛ 38 گەریلا گیانیان لەدەستداوە، 4 گەریلا بە برینداری کەوتووەتە ژێر دەستیان، 59 گەریلا خۆیان رادەستکردووە و 208 ئەندامی پەکەکە دەستگیرکراون.
رۆژی 28ـی نیسانی 2023، ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، کوژرانی پێنج سەربازی تورکیا لە پێکدادانێکیان لە دژی هێزەکانی جەندرمە لە بەرزاییەکانی نزیک لە شارۆچکی نسێبین سەر بە پارێزگای مێردین بڵاوکردەوە. وەزارەتی ناوخۆی تورکیاش کوژرانی سێ سەربازی راگەیاندبوو.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە ئەنجامی زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی ناوخۆ کە لە 2017ـەوە لە باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت، 174 گەریلا گیانیان لەدەستداوە و دەستبەسەر 619 حەشارگە و ئەشکەوت و جبەخانە گیراوە. لە بەرامبەردا 22 سەرباز کوژراون. هەپەگە لەم ئۆپەراسیۆنانەدا کوژرانی 46 سەرباز و گیانلەدەستدانی41 گەریلای راگەیاندووە.
دوای شکستهێنانی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2015ـدا، شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لە نێوان سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە شەش پارێزگای باکووری کوردستان روویدا و تاوەکو نیسانی 2016ـی خایاند.
لەم قۆناخە بەدواوە و لە سەرەتای ساڵی 2017ـەوە ژووری ئۆپهراسیۆنهكانی وهزارهتی ناوخۆی توركیا، پێنج جۆر زنجیرە ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و سەربازی لە باکووری کوردستان بەناوەکانی "شکێنەر، تەڵە، هەورە برووسکە، باگۆک، ئەرەن و ئابڵوقە" لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان و دوورەدەستەکان لە باکووری کوردستان ئەنجام دەدەن.