فێستیڤاڵی رێگەی کولتووری سوور لە باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2023 دووەمین فێستیڤاڵی رێگەی کولتووری سوور لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان دەستپێدەکات.
فێستیڤاڵی رێگەی کولتووری سوور لە رۆژانی نێوان 14 - 23ی تشرینی یەکەمی 2023 بەڕێوەدەچێت؛ فێستیڤاڵەکە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی تورکیا، پارێزگا و گەورەشارەوانیی ئامەدەوە رێکخراوە.
فێستیڤاڵەکە لە ماوەی ئەو رۆژانەدا لە 40 شوێنی جیاوازی ئامەد 500 چالاکیی بواری شانۆ، فیلم، پێشانگەی کتێب، دیداری ئەدەبی و هونەری و ئایینی، خواردنە کولتوورییەکانی ئامەد، پێشانگای هونەری و فۆتۆگرافی، نمایشی دیجیتاڵی بۆ منداڵان، پێشبڕکێی وێنەی فۆتۆگرافی، دەنگبێژی، خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز، یاری منداڵان، نمایشی کاری دەستی بە قوڕ، پێشبڕکێی خۆشنووسی، سەمای کولتووری، پێشبڕکێی شیعر، کۆنسێرتی هونەرمەندەکان، نمایشی کۆمیدی و چەندین چالاکیی دیکەی جیاواز لەخۆدەگرێت.
سەرجەم بەرنامە و چالاکییەکانی ئەو فێستیڤاڵە لە ماوەی نۆ رۆژدا لە کاژێر 09:00 تاوەکو 21:00 بەردەوام دەبن.
یەکەمین فیستیڤاڵی رێگەی کولتووری سوور ساڵی رابردوو هەر لە مانگی تشرینی یەکەمدا بەڕێوەچوو.