کۆمپانیای جێبەجێکار: ئەم مانگە شەقامی 100 مەتری سلێمانی بەڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان کە جێبەجێکردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانییان لە ئەستۆدایە، دەڵێت، کۆتایی ئەم مانگە 85%ـی شەقامەکە بەڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە.
 
دلێر کەمال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمپانیای قەیوان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "درێژیی شەقامەکە 34 کیلۆمەترە 26ـی قیرتاوکراوە."
 
بەگوتەی دلێر کەمال، قیرتاوکردنی 26 کیلۆمەتر تەواو بووە و هێڵکاری و ستوونەکانی کارەبا ماون. گوتیشی: "تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە ستوونی کارەبا و هێڵکاریش تەواو دەبن و بەڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە".
 
ئەو بەشەی پڕۆژەکە کە دەکرێتەوە، لە تاسڵوجەوە دەستپێدەکات تاوەکو ناوگردان لە سنووری قەزای قەرەداخ. دلێر کەمال گوتی: "کردنەوەی ئەو بەشە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ شۆفێران بە گشتی و بارهەڵگرەکان بەتایبەت دەکات".
 
لەبارەی تەواوبوونی کۆی پڕۆژەکە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمپانیای قەیوان گوتی: "بەگوێرەی ئەو کاتەی حکومەت دایناوە ئەیلوولی 2026 دوایین کاتە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە و تەواو دەکرێت".
 
ئەو بەشەی شەقامەکە کە دەکرێتەوە، یەک ئۆڤەر پاس، پێنج ئەندەر پاس، یەک بەرزە پرد، حەوت یەکتربڕ و 68 ئاوبەرەی تێدایە.
 
شەقامی 100 مەتریی سلێمانی کە بە "ئۆتۆبانی بابان"یش ناسراوە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
ئۆتۆبانی بابان لە 11-7-2020 بەردی بناخەی دانرا، بە ‌چە‌ند قۆناخێك جێبە‌جێ دە‌كرێت و گوژمەی پڕۆژەکە 400 ملیار دینارە.