یەکێتی داوا دەکات کۆبوونەوەی سبەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان دوابخرێت
رووداو دیجیتاڵ
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشمانیی کوردستان لە سلێمانی کۆبووەوە و لە راگەیێندراوێکدا داوا لە هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان دەكات، كە كۆبوونەوەی سبەی بۆ كاتێكی دیکە دوابخرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 14-10-2020، بەسەرپەرشتی لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە شاری سلێمانی و بۆ تاوتوێكردنی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسییەكان و بەتایبەتی پرسی مووچە و بژێوی خەڵكی كوردستان كۆبووەوە.
لە كۆبونەوەكەدا د. رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەری تیمی گفتوگۆی نێوان حكومەتی هەرێمی کوردستان و حكومەتی فیدرالی عێراق ئامادەیبوون. مەكتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت "پاراستنی ئەو یەكڕیزییەی كە لەنێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە هاتەئاراوە بەگرنگزانی و پێداگیری لەسەر پاراستنی دەكات، بۆ دەستەبەركردنی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان."
بڕیارە رۆژی یەکشەممە 15-11-2020 سێ سەرۆکایەتییەکە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە، بەڵام مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "مەكتەبی سیاسی بەڕەسمی داوا لەهەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان دەكات، كە كۆبوونەوەی راگەیێنراوی سبەی 15-11-2020 دوابخات بۆ كاتێكی دیکە، بۆ ئەوەی هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، كە نوێنەریان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە بەشداربن."
کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی یاسای قەرزی عێراق و تێپەڕاندنی یاساکە بەبێ خواستی کورد لە پەرلەمانی عێراق.
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 12ی تشرینی دووەم پەرلەمانی عێراق بەبێ رەزامەندیی کورد، پرۆژەیاسای قەرزی بۆ کورتهێنانی بودجە پەسندکرد. بەپێی یاساکە هیچ پشکێک لەو قەرزە بۆ هەرێمی کوردستان دیارینەکراوە، هاوکات رادەستکردنی هیچ بڕە نەوتێکیش لەسەر هەرێمی کوردستان نەسەپێندراوە، بەڵکو دانراوە کۆمپانیای سۆمۆ دیاریی بکات، بۆیە پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق بە پێویستی دەزانن، هەرێمی کوردستان شاندێک بۆ گفتوگۆ بنێرێتە بەغدا و دەڵێن، ئەگەر پابەندبن بە نێوەڕۆکی یاسای قەرزەوە، دەتوانن لەجیاتی 320 ملیار دینار، زیاتریش وەربگرن.
دەقی راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی
ئێوارەی ئەمڕۆ ( 14/11/2020) بەسەرپەرشتی هەڤاڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆك، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شاری سلێمانی، بۆ تاوتوێكردنی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسیەكان و بەتایبەتی پرسی مووچە و بژێوی خەڵكی كوردستان كۆبوەوە.
لە كۆبونەوەكەدا، كە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەری تیمی گفتوگۆی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدرالی عێراق ئامادەیبوون، مەكتەبی سیاسی پاراستنی ئەو یەكریزییەی كە لەنێوان فراكسیۆنە كوردستانیەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەر یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە هاتە ئاراوە بەگرنگزانی و پێداگیری لەسەر پاراستنی دەكات، بۆ دەستەبەركردنی مافە دەستورییەكانی خەڵكی كوردستان.
بۆ ڕەخساندنی زەمینەی لەبار لەپێناوی گفتوگۆ و گەیشتن بەبڕیارێكی گونجاو، كە لەبەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و باشكردنی گوزەرانی خەڵكدا بێت و یەكریزی هێزو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان پیشانبدات، مەكتەبی سیاسی بەڕەسمی داوا لەهەر سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێمی كوردستان دەكات، كە كۆبونەوەی ڕاگەیەنراوی سبەی (15/11/2020) دوابخات بۆ كاتێكی تر، بۆ ئەوەی هەموو حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان، كە نوێنەریان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە بەشداربن.
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوامیدان بە گفتوگۆكان لەگەڵ حكومەتی فیدرالی عێراق، لەپێناوی گەیشتن بە رێككەوتن بۆ دەستەبەركردنی شایستە داراییەكانی هەرێم و مووچە و بژێوی خەڵكی كوردستان بە باشترین رێگاچارە دەبینێت.
بۆ گەیشتن بەرێككەوتنی بنەڕەتی لەسەر شایستە داراییەكانی هەرێم و مووچەی خەڵكی كوردستان، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، جەختیكردەوە لەسەر پابەندبوونی حكومەتی هەرێم بە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكان و حكومەتی فیدرالی عێراقیش پابەندی بنەمای تەوافق و دەستوری هەمیشەیی عێراق بێت.
هەر سەبارەت بەهەمان پرس، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ دەستەبەركردنی شایستە داراییەكانی هەرێم و مووچەی خەڵكی كوردستان و چارەسەركردنی كێشەكان، هەوڵەكانی درێژە پێدەدات و خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكاتەوە، كە لەم پێناوەدا درێغی ناكات.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان