سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەشە بودجە کۆدەبنەوە

13-11-2020
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یاسای قەرزی عێراق و تێپەڕاندنی یاساکە بەبێ خواستی کورد لە پەرلەمانی عێراق، سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان کۆدەکاتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی ئەو پرسەوە بکەن.
 
ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە 15-11-2020 سێ سەرۆکایەتییەکە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
 
دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، دوای کاژێر 12:00ی شەوی پێنجشەممە دەستیپێکرد و تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە بەردەوام بوو، محەممەد حەلبووسی لەگەڵ دەستپێکردنی دانیشتنەکەی دەنگدان لەسەر یاساکە رایگەیاند "یاساکە بە تەوافوق یان بە زۆرینە تێدەپەڕێندرێت." 
 
بەرەبەیانی پێنجشەممە 12ی تشرینی دووەم پەرلەمانی عێراق بەبێ رەزامەندیی کورد، پرۆژەیاسای قەرزی بۆ کورتهێنانی بودجە پەسندکرد. بەپێی یاساکە هیچ پشکێک لەو قەرزە بۆ هەرێمی کوردستان دیارینەکراوە، هاوکات رادەستکردنی هیچ بڕە نەوتێکیش لەسەر هەرێمی کوردستان نەسەپێندراوە، بەڵکو دانراوە کۆمپانیای سۆمۆ دیاریی بکات، بۆیە پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق بە پێویستی دەزانن، هەرێمی کوردستان شاندێک بۆ گفتوگۆ بنێرێتە بەغدا و دەڵێن، ئەگەر پابەندبن بە نێوەڕۆکی یاسای قەرزەوە، دەتوانن لەجیاتی 320 ملیار دینار، زیاتریش وەربگرن.
 
دوای دەنگدان لەسەر پێنج ماددەی یەکەمی یاساکە (ماددەی یەکەم تاوەکو شەشەم، جگە لە ماددەی پێنجەم کە سڕایەوە)، مشتومڕ و دەمەقاڵێ لە نێوان ژمارەیەک نوێنەری کورد و نوێنەرانی شیعە دروست بوو، فراکسیۆنە کوردستانییەکان دانیشتنەکەیان بایکۆتکرد، دەنگدان لەسەر ماددەکانی دانیشتنەکە بەڕێوەچوو و یاساکە پەسندکرا.
 
بەپێی یاساکە، بڕی ئەو قەرزەی رێگەدراوە وەزیری دارایی عێراق لە نێوخۆ و دەرەوە بیکات، لە 41 تریلیۆن دینارەوە بۆ 12 تریلیۆن کەمکراوەتەوە، بەو مەرجەی 20%ی ئەو پارەیە بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان بێت، ھەرێمی کوردستانیش دەبێت چاوەڕێی رێککەوتنی نوێ بێت تاوەکو شایستە داراییەکانی پێبدرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 2020/11/12 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، "نیگەرانیی و ناڕەزایی بەرامبەر تێپەڕاندنی ئەم یاسایە دەردەبڕین." هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو هەوڵێک دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی ستەم لە خەڵکی کوردستان نەکرێت.
 
هەروەها بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە راگەیێندراوێکدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی یاسای قەرز لە عێراق کە بەبێ رەزامەندیی کورد لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕێندرا، رایگەیاند، "به‌داخه‌وه‌ ئه‌م یاسایه‌ بێ ره‌چاوکردنی سازانی نیشتمانی، به‌دیاریکراویش به‌بێ خواستی کورد په‌سندکرا و تێپه‌ڕێندرا. ئه‌وەش بە پێشینه‌یه‌کی مه‌ترسیداره‌‌ لە کاری سیاسی عیراق ناودەبات."
 
سەرۆککۆماری عێراق تێپەڕاندنی یاساکە بەبێ "سازان" بە مەترسیدار ناو دەبات و پێیوایە دابینکردنی مووچەش بەبێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کورستان ناتەواو و نادەستوورییە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە