تەندروستیی کۆیە: شەهید و بریندارەکانی بۆردوومانەکەی قەڵای دیموکرات پێشمەرگەن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی تەندروستیی کۆیە دەڵێت، لە بۆردوومانەکەی کۆیەدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و پێنج کەسیش بریندار بوون. بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانیش رایگەیاند، دوای ئاگاداربوونیان لە هێرشکردنە سەر زڕگوێز تیمەکانیان رەوانەی ئەو ناوچەیە دەکەن.
دوای ئەوەی ئەمڕۆ هێرشکرایەوە سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە، زڕگوێزیش لە سنووری سلێمانی کرایە ئامانج کە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی لەو سنوورەدان.
هاوکار عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا کەسێک گیانی لەدەستداوە و پێنج کەسیش بریندارن؛ دوو لە بریندارەکان رەوانەی هەولێر کراون."
هاوکار عەلی گوتیشی، بەوپێیەی بۆردوومانەکە قەڵای دیموکراتی کردووەتە ئامانج، "شەهید و بریندارەکانیش پێشمەرگەن."
هەروەها سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تیمێکی تەندروستییان بە چەند ئەمبوڵانسێکەوە رەوانەی زڕگوێز کردووە بۆ بەدەمەوەچوونی هەرکەسێک کە دەکرێت بەهۆی هێرشەکانەوە برینداربووبێت.