ئومێد خۆشناو: شەقامی 100 مەتریی هەولێر نۆژەن دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
شارەوانی هەولێر رایگەیاند، بەشێکی شەقامی 100 مەتریی هەولێر نۆژەن دەکرێتەوە. پارێزگاری شارەکەش دەڵێ، قۆناخی یەکەمە و کوێی شەقامەکە پێویستی بێت نۆژەن دەکرێتەوە.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "قۆناخی یەکەمی نۆژەنکردنەوەی شەقامی 100 مەتریی لە دوێنێوە دەستیپێکردووە و بەردەوامە".
 
درێژی قۆناخی یەکەمی نۆژەنکردنەوەی شەقامی 100 مەتری لە چوارڕێیانی مەخموور تاوەکو چوارڕێیانی موسڵە بەدرێژی هەشت کیلۆمەتر.
 
ئومێد خۆشناو دەڵێت: "پڕۆژەکە تەنیا نۆژەنکردنەوەی هەشت کیلۆمەتر نییە، بەڵکو تەواوی شەقامی 100 مەتری لە هەر جێگەیەکیدا تێکچووبێت و پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەبێت نۆژەن دەکرێتەوە".
 
گوژمەی نۆژەنکردنەوەی پڕۆژەکە 3 ملیار و 500 ملیۆن دینارە.
 
ئەمڕۆ شارەوانیی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "هەرچەند پشووی فەرمییە و هەینییە، کارکردن لە قیرتاوکردنەوەی شەقامی 100 مەتری بەشێوەیەکی خێرا بەردەوامە".
 
شەقامی 100 مەتریی هەولێر، یەکێکە لە شەقامە ستراتیژییەکانی شارەکە.