عومرەکارەکەی سنە لە مەککە دۆزرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
عومرەکارە بەساڵاچووەکەی خەڵکی پارێزگای سنە، دوای چەندین رۆژ لە بێسەروشوێنبوونی، لە مەککە دۆزرایەوە. نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و زیارەتی ئێران لە سعودیە بڵاوی کردووەتەوە، ''بەهۆی نەخۆشبوونییەوە، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی مەککە خەوێنراوە.''
رۆژی پێنجشەممە، 13-11-2025، نوێنەرایەتیی حەج و زیارەتی ئێران لە سعودیە، دۆزینەوەی ئەسەدوڵڵا رەزازادە، هاونیشتمانیی خەڵکی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانی راگەیاند، کە لەگەڵ کاروانی عومرەکاران لە سعودیە بوو، بەڵام لە 21ـی تشرینی یەکەمەوە بێسەروشوێن ببوو.
لە راگەیێندراوەکەی نوێنەرایەتیی حەج و زیارەتی ئێران لە سعودیەدا هاتووە، ''ئەسەدوڵڵا رەزازادە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی مەککە دۆزراوەتەوە و ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.''
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، بڕیارە دوای باشتربوونی تەندروستیی، هاونیشتمانییەکە بگەڕێندرێتەوە ئێران.
ئەسەدوڵڵا رەزازادە، لەدایکبووی ساڵی 1936 و خەڵکی پارێزگای سنەیە، کە بە گوێرەی زانیارییەکان، 24 رۆژە لەو نەخۆشخانەیەی مەککە خەوێنراوە.
ساڵانە ژمارەیەک حاجی و عومرەکار لەکاتی حەجکردندا گیان لەدەست دەدەن. بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران، تەنیا لەکاتی حەجی ئەم ساڵدا کە 4ی حوزەیران دەستیپێکرد و 9ـی حوزەیران دوایین رۆژی بوو، 32 حاجیی خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە سعودیە گیانیان لەدەستداوە.