لە کەرکووک پڕۆژەی ئاوی ناوەندیی تازە گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی؛ 97%ی تەواو بووە
رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی ئاوی ناوەندیی تازە لە پارێزگای کەرکووک گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و 97%ی کارەکانی تەواو بووە. وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق دەڵێت، مانگێکی دیکە کارەکانی تەواو دەبێت.
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، رۆژی یەکشەممە 14-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پڕۆژەی ئاوی ناوەندی تازە لە کەرکووک یەکێکە لەو پڕۆژانەی لە بەرنامەی حکومیدا جێگیر کراوە و بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو جێبەجێ دەکرێت، ئێستا لە دوا قۆناخەکانی دایە."
پڕۆژەکە لەسەر رووبەری 14 دۆنم دروست کراوە و توانای دیزاینکراوی بریتییە لە 2000 مەتر سێجا لە کاژێرێکدا. بەمەش ئاوی خواردنەوە بۆ 150 هەزار کەس لە دانیشتووانی ناحیەی تازە و 15 گوندی دەوروبەری دابین دەکات."
نەبیل سەفار ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەکە یەکێک بوو لە پڕۆژە وەستاوەکانی ساڵی 2012، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخەی وڵات پێیدا تێپەڕی، کارکردن تێیدا وەستا.
بە گوتەی نەبیل، "پڕۆژەکە بە نزیکەیی ئامادەیە و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی مانگێکدا بە تەواوی تەواو بکرێت و بچێتە قۆناخی پشکنین و بەگەڕخستنی ئەزموونییەوە."