بەهۆی بارینی بەفرەوە لە ملەی ژاڵانەی پارێزگای سنە ئاستەنگی هاتووچۆ دروستبووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای سنە دەڵێت، بەهۆی بەفرەوە لە ملەی ژاڵانەی پارێزگاکە هاتووچۆ ئەستەم بووە و داوا دەکات بۆ کاری زۆر پێویست نەبێ رێگەکە بەکارنەهێنن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای سنە رایگەیاند: "بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە لە ملەی ژاڵانەی هەورامان، ئاستەنگی هاتووچۆ دروستبووە."
بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای سنە دەڵێ، بەردەوامبوونی بارینی بەفر وایکردووە، هاتووچۆ لە ملەی ژاڵانە مەترسیدار بێ و هەربۆیە داوا لە شوفێران کراوە ئەو رێگەیە بەکارنەهێنن.
بە گوتەی کەشناسی پارێزگاکە، بەفر و بارانبارین رۆژی سێشەمە لە پارێزگای سنە کۆتایی دێ.
ملەی ژاڵانە ناوچەی سەوڵاوا و بەشێکی دیکەی هەورامان رۆژهەڵاتی کوردستان پێکەوە دەبەستێتەوە.