ناوەندی گشتیی هەماهەنگی قەیرانەکان: کار لەسەر سیستمێکی پێشکەوتووی ئاگادارکردنەوە دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆ دەڵێ، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ پێکهێندراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، حکومەت کار لەسەر سیستمێکی پێشکەوتوو دەکات کە تەنانەت ئەگەر مۆبایل کوژاوەش بێت، زەنگی ئاگادارکردنەوەی مەترسی لێدەدات.
سروە رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات سەبارەت بە زیان و هۆکارەکانی لافاوەکەی ئەم دواییە رایگەیاند: "بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە شەپۆلەکە زۆر بەهێز بوو. بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە 24 کاژێردا بڕی 127 ملیم باران باری".
سەبارەت بە هۆکارەکانی دروستبوونی لافاو لەو ناوچەیە، سروە رەسووڵ ئاماژەی بەوە دا کە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێندراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامی راپۆرتەکەیان بەدەستنەگەیشتووە بۆ ئەوەی دەربکەوێ هۆکارەکان سرووشتی بوون یان کەموکورتیی ئامادەکارییەکان".
17 وەزارەت لە ژووری ئۆپەراسیۆن ئەندامن
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکان و گوتی: "یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانی کابینەی نۆیەم دروستکردنی ژووری ئۆپەراسیۆن بوو لە وەزارەتی ناوخۆ کە تێیدا نوێنەری 17 وەزارەت و بەڕێوەبەری ناوەندەکە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ئەندامن و هاوئاهەنگی بۆ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە دەکەن".
سروە رەسووڵ باسی لەوە کرد کە رۆژانە پشت بە راپۆرتەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی دەبەستن کە 48 کاژێر پێشوەختە زانیاری دەدەن و لەگەڵ فەرەنسییەکانیش خەریکی پڕۆژەیەکی نوێن بەناوی (GIS Pro) بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان.
سیستمی نوێی ئاگادارکردنەوە
لەبارەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ بۆ ئاگادارکردنەوەی هاونیشتمانییان لە کاتی مەترسی، سروە رەسووڵ گوتی، ئێستا سەرقاڵی کارکردنن لەسەر سیستمێکی جیهانیی پێشکەوتوو بە ناوی (Broadcast) و گوتی: "ئەم سیستمە جیاوازە لە کورتەنامەی ئاسایی. ئەگەر مۆبایلەکەش کوژابێتەوە، زەنگێک لێدەدات و لەرێگەی GPSـەوە ئاگادارت دەکاتەوە کە لەو ناوچەیە مەترسی هەیە".
سەبارەت بە کاتی خستنەکاری ئەو سیستمە، سروە رەسووڵ گوتی: "مەرج نییە هەموو سیستمێک راستەوخۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان بگونجێت. ئێمە نامانەوێ کات و سەرچاوەی دارایی بەفیڕۆ بدەین، بۆیە ئێستا لەگەڵ راوێژکارە نێودەوڵەتییەکان لە قۆناخی دیراسەکردنداین و هەرکات زانیمان بەتەواوی دەگونجێ، بڕیاری لەسەر دەدەین".