پارێزگای هەولێر: هەر کەسێک بێ مۆڵەت کەمپەین بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە بکات سزا دەدرێت


رووداو - هەولێر

پارێزگای هەولێر رێوشوێنی بۆ رێکخستنی کەمپینەکانی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و گەرمیان دەرکرد و رایدەگەیێنێت، هەر کەسێک لەسەر شەقامەکان بە ناوی کۆمەکەوە رێگە لە هاتووچۆ بگرێت، رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە.
 
دوای ئەوەی لافاو زیانێکی زۆری بە سنووری چەمچەماڵ و گەرمیان گەیاند، لە هەولێر چەندین کەمپین بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری راگەیێندران. نووسینگەی پارێزگاری هەولێر لە راگەیێندراوێکدا سوپاسی هاوخەمیی خەڵکی شارەکە دەکات، بەڵام هۆشداریش دەدات.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "کەسانێک لێرە و لەوێ بەناوی کەمپین و هاوکاریکردنی لێقەوماوان لەسەر شەقامە گشتییەکان رادەوەستن و قەرەباڵخییەکی زۆر دروست دەکەن؛ ئاگاداری هەموو لایەک دەکەینەوە ئەو شێوازە بە هیچ جۆرێک رێگەپێدراو نییە."
 
پارێزگای هەولێر جەخت دەکاتەوە، هێزەکانی ئاسایش، پۆلیس و هاتووچۆیان دەستکراوە کردووە بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک کە ئەو جۆرە کارە ئەنجام بدات.
 
سەبارەت بە شێوازی دروستی کەمپین، نووسینگەی پارێزگار دەڵێت: "هەر کەسایەتی و لایەنێک دەیەوێت کەمپین رابگەیێنێت، دەبێت لە رێگەی پارێزگای هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە داواکاری پێشکەش بکات و شوێنی تایبەتی بۆ دیاری دەکرێت."
 
هەروەها داوا لە هاووڵاتییانیش کراوە بەشداری لەو کەمپینە هەڕەمەکییانە نەکەن کە "دڵنیا نین لە گەیاندن و گەیشتنی کۆمەک و هاوکارییەکانیان."