نرخی بەرمیلێک نەوتی ماڵان 20 هەزار دینار دابەزی

 
رووداو دیجیتاڵ

بەراورد بە سێشەممەی رابردوو، هەر بەرمیلێک نەوتی سپی 20 هەزار دینار دابەزی. گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنی فرۆشان لە هەولێر دەڵێ، دابەشکردنی نەوت و دابەشنەکردنی مووچە هۆکاری سەرەکین.
 
رۆژی 9ی ئەم مانگە نرخی بەمیلێک نەوتی سپی لە شاری هەولێر بە کۆ 190 هەزار دینار بوو، بە 200 بۆ 205 هەزار دینار دەگەیشتە دەستی هاونیشتمانییان.
 
سەرباز کەریم، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنی فرۆشانی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ بە کۆ نرخی بەرمیلێک نەوت دابەزیوە بۆ 170 هەزار دینار و بە 180 هەزار دینار دەگاتە دەستی خەڵک."
 
لەبارەی هۆکاری دابەزینی نرخەکەوە گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنی فرۆشانی هەولێر گوتی، "نەوت لە لایەن حکومەتەوە دابەش دەکرێ؛ هەروەها مووچە دابەشناکرێ و خەڵک کەم پارەی پێیە."
 
بە گوتەی سەرباز کەریم، هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی نەوت هەبوونی کارەبای پڕۆژەی رووناکییە کە خەڵک ئامێرە کارەباییەکان بۆ گەرمکردنەوە بەکاردەهێنن.
 
لە سلێمانی نرخی نەوت جێگیرە. عەلی فوئاد، نەوتفرۆش لە شاری سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ بەرمیلێک نەوت دەگەیێنینە ماڵان بە 175 هەزار دینار."
 
ئەم ساڵ پێش هاتنی پاییز، بەرمیلێک نەوتی ماڵان لە هەرێمی کوردستان بە 107 هەزار دینار بوو.
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە دابەشکردنی نەوت و 07-12-2025 رایگەیاند، ئەم ساڵ لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکان بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەشیان کردووە.
 
بڕی ئەو نەوتەی دابەشکراوە بەم شێوەیە بووە:
 
پارێزگای هەولێر: 28 ملیۆن و 260 هەزار و 876 لیتر دابەشکراوە بەسەر 208 هەزار و 460 خێزان.
 
پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە: 46 ملیۆن و 228 هەزار لیتر دابەشکراوە بەسەر 257 هەزار و 605 خێزان.
 
پارێزگای دهۆک: 12 ملیۆن و 186 هەزار و 200 لیتر دابەشکراوە بەسەر 71 هەزار و 170 خێزاندا.
 
ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەشی دەکات، بەرمیلی بە 105 هەزار دینار دەگاتە دەستی هاونیشتمانیان.