وەزیری بازرگانی: عێراق 24 ملیار دیناری دیکەی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی نارد

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، حکومەتی عێراق 24 ملیار دیناری دیکەی وەک شایستەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ناردووە.
 
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پارەکە نێردراوە و کراوە بە چەک. رێکارە بانکی و کارگێڕییەکان بۆ دابەشکردنی ماون."
 
لە زیاتر لە 300 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئەمڕۆ کەمتر لە 73 ملیار دینار دابەشکراوە.
 
پێش ئەم گوژمەیە، دوو گوژمە لە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نێردرابوو. گوژمەی یەکەم 57 ملیار دینار بوو کە بەم شێوەیە بوو: 25 ملیاری بۆ سلێمانی و هەڵەبجە، 20 ملیار دینار بۆ هەولێر و 12 ملیار بۆ دهۆک. گوژمەی دووەمیش 6 ملیار بۆ سلێمانی کە هەڵەبجەشی لەگەڵ بوو؛ 5 ملیار بۆ هەولێر و 4 ملیار و 500 ملیۆن بۆ دهۆک.
 
وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان 10ی حوزەیران دەستیپێکرد و تاوەکو 20ی تەممووز بەردەوام بوو.
 
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ تۆنێک وەرگرت.
 
پشکی گەنمی وەرگیراوی پارێزگاکانی سلێمانی بە هەڵەبجەشەوە 158 هەزار تۆن بوو، هەروەها پشکی گەنمی وەرگیراو لە پارێزگای هەولێر 122 هەزار و تۆن و دهۆکیش نزیکەی 118 هەزار تۆن بوو.
 
پاریش حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، بەڵام ئەم ساڵ بڕەکەی کەم کردەوە.