دوای پەیامەکەی سەرۆکوەزیران؛ لایەنەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن داوای هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێویستە پەرلەمان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کۆببێتەوە و ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. فراکسیۆنی یەکێتیش دەڵێت، "ئەوەی گرنگە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنە و سەرۆکی حکومەت باسی نەکردووە"؛ لایەنەکانی دیکەش داوای فرەبازنەیی دەکەن و پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێت حیزبەکەی ئامادەیە بۆ گفتوگۆ.
رۆژی یەکشەممە 15-1-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بۆ لایەنە سیاسییەکان چەند خاڵێکی خستەڕوو، لە خاڵی چوارەمیدا رایگەیاند: "لە پێناو بەرژەوەندی گشتیی و پڕۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان، پێویستە هەرچی زووترە پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی خۆی ساز بکات بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن تاوەکو بە کردەوە هەنگاو بۆ سازدانی هەڵبژاردن بنرێت؛ پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەین هەموو پێداویستیيەکانی هەڵبژاردن لە زووترین کاتدا دابینبکەین."
ئەمڕۆ یەکشەممە، رێبوار بابکەیی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە ئامادەین ئەمساڵ هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت؛ بۆ هەر بابەتێکی پێویستیش لە رووی تەکنیکی و یاساییەوە لە هەموو ئاستەکاندا پارتی ئامادەیە لەگەڵ لایەنەکاندا گفتوگۆ بکات."
لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن کارا بکرێتەوە؛ ئێمە و لایەنەکانی دیکەش کێشەمان لەگەڵ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆندا نییە و یاسای هەڵبژاردنەکان کێشەیە، لە پەیامەکەشدا هیچ باسی یاسای هەڵبژاردنی نەکردووە."
لوقمان وەردی دەڵێت: "ئێمە پێشنیازمان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن هەبووە، کە داوامانکردبوو هەڵبژاردن بە فرەبازنەیی بێت، تۆماری دەنگدەرانی دوایین هەڵبژاردنی عێراق پێوەربێت، هەروەها کورسی پێکهاتەکانیش بەگوێرەی ژمارەیان لە پارێزگاکاندا دابەشی سەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بکرێن."
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان جەختیکردووە: "ئامادەین بۆ هەڵبژاردن و زەوینەسازی دەوێت، بەڵام بەبێ هەمواری یاسای هەڵبژاردن با باسی هەڵبژاردن نەکرێت، چونکە ناکرێت."
بزووتنەوەی گۆڕان بۆچوونیان نزیکە لە یەکێتییەوە، بەڵام وەکو خۆیان دەڵێن، ئەوانیش پێشنیازە یاسای خۆیان هەیە. جەلال محەممەد، ئەندامی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە داوامانکردووە بە سیستمی سوێدی هەڵبژاردن بکرێت؛ فرەبازنەیی دەبێت، بەجۆرێکیشە کە هەر بەربژێرێک نەیتوانی دەنگی پێویست بۆ سەرکەوتن بە دەستبهێنێت، دەنگەکەی لە بازنەکەدا بۆ لیستی حیزبەکە بمێنێتەوە نەوەکو بسووتێت."
جەلال محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت سەرەتا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان متمانەی پێبدرێتەوە و کارابکرێتەوە؛ دواتر هەڵبژاردن بکرێت. سەبارەت بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش کە دەڵێت "پێویستە" ئەمساڵ هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، گوتی: "ئەگەر ئیرادەی راستەقینە هەبێت، دەتوانرێت کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت."
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، عوسمان کاروانی، ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن زیاتر دوانەخرێت و بە "زووترین کات" بەڕێوەبچێت.
عوسمان کاروانی گوتیشی، دەیانەوێت یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە و هەڵبژاردن فرەبازنەیی بێت. "کێشە یاساییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش لە پەرلەمانی کوردستان چارەسەر بکرێن."
ئەمڕۆ یەکشەممە، عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەگەر لایەنەکانی دەسەڵات کە بڕیاریان بە دەستە، بیانەوێت ئەمساڵ دەتوانرێت هەڵبژاردن بکرێت. گوتیشی: "کێشەکان گەیشتوون بە بنبەست و حکومەتیش نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵیان بکات، بۆیە هەڵبژاردنێکی پاک پێویستییەکەی لە پێشینەیە بۆ ئەوەی متمانە بۆ خەڵک بگەڕێتەوە."
سەبارەت بە پێشنیازەکانی کۆمەڵی دادگەریی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، عومەر گوڵپی دەڵێت، ئەوان لەگەڵ فرەبازنەیین و تۆماری دوایین دەنگدانی عێراق بە پێویست دەزانن، بۆ کورسی پێکهاتەکانیش پێیان باشە تەنیا پێکهاتەکان خۆیان بتوانن دەنگ بەخۆیان بدەن. گوتیشی: "هەموو پێشنیازەکانیش شیاوی گفتوگۆن."
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان کە لە 23-12-2019ـەوە ماوەی یاسایی تەواوبووە و پێویستی بە پێدانەوەی متمانەی پەرلەمان هەیە، دەڵێن، رێکارە یاساییەکان تەواوبکرێن ئامادەن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دوای رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان چەند رێکاری یاسایی پێویستە، لەوانە "رێککەوتنی پەرلەمانیی لەسەر کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و هەمواری یاسای هەڵبژاردن، راسپاردنی کۆمیسیۆن لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانی هەرێمیی بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن، دابینکردنی بودجە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و کاتی پێویست لەبەردەم کۆمیسیۆندا کە شەش مانگە."
ئەنجوومەنی باڵای کۆمیسیارانی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان کە 9 ئەندامە بەمشێوەیە دابەشی سەر لایەنە سیاسییەکان بووە؛ سێ ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوو ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوو ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش یەکی ئەندامێکیان هەیە، هەروەها حیزبی شیوعی کوردستان، ئاراستەی سێیەم، حیزبی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە پێکهاتەکانی دیکەی کۆمیسیۆنەکەدا پشکیان هەیە؛ بەڵام هیچ ئەندامێکی نەوەی نوێی تێدانییە و بەرپرسانی کۆمیسیۆنەکەش هۆکارەکە دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی کاتێک کۆمیسیۆن دروستکراوە جووڵانەوەی نەوەی نوێ نەبووە.
رۆژی 6-11-2022، تەمەنی یاسایی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهات، بەڵام رۆژی 9-10-2022، پێشنیازهیاساى بهردهوامبوونی خولی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستان بۆ کۆتایی ساڵی 2023، کە له سێ ماده و هۆكارهكانی دهرچوواندنی پێكهاتبوو؛ بە دەنگی 80 پەرلەمانتار پەسند کرا.