بەڕێوەبەری بەنداوی دهۆک: بەراورد بە ساڵی رابردوو ئاستی ئاوی بەنداوەکە 4 مەتر بەرزبووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان دەڵێت، لە 24 کاژێری رابردوودا ئاستی ئاوی بەنداوەکە 63 سانتیمەتر بەرزبووەتەوە؛ بەڕێوەبەری بەنداوی دهۆکیش دەڵێت، بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو، ئەم ساڵ ئاستی بەنداوەکە 4 مەتر بەرزبووەتەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 15-01-2024، کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئەمڕۆ 23%ـی بەنداوەکە ئاوی تێدایە، بەڵام وەرزی بارانبارین زۆری ماوە بۆ زیادکردنی ئاستی بەنداوەکە.
 
بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان گوتی، "لە 24 کاژێری رابردوودا ئاستی ئاوی بەنداوەکە 63 سانتیمەتر زیادیکردووە، بەگشتی لەم وەرزەی بارانباریندا دوو مەتر و 68 سانتیمەتر ئاستی بەنداوەکە زیادیکردووە."
 
فەرهاد محەممەد، بەڕێوەبەری بەنداوی دهۆک رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەم وەرزەی بارانباریندا 350 ملیمەتر ئاو لە بەنداوەکەدا گلدراوەتەوە؛ بەگشتی ئێستا 24 ملیۆن و 900 هەزار مەتر سێجا ئاوی تێدایە."
 
بەنداوی دهۆکیش ئاستی ئاوەکەی بەرزبووەتەوە؛ فەرهاد محەممەد، بەڕێوەبەری بەنداوی دهۆک رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەم وەرزەی بارانباریندا 350 ملیمەتر ئاو لە بەنداوەکەدا گلدراوەتەوە؛ بەگشتی ئێستا 24 ملیۆن و 900 هەزار مەتر سێجا ئاوی تێدایە."
 
بەڕێوەبەری بەنداوی دهۆک گوتی، بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو، ئێستا ئاستی بەنداوەکە چوار مەتر بەرزبووەتەوە.
 
بە گوێرەی بەدواداچوونێكی تۆڕی میدیایی رووداو، لە هەولێر ئەم وەرزەی دابارین 201.9 ملیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدایە ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 74.3 ملیمەتر باران باریبوو. لە سلێمانی ئەم وەرزەی بارین 208.9 ملیمەتر باران باریوە، بەراورد هەمان کاتی ئێستا، ساڵی رابردوو 209.3 ملیمەتر باران باریبوو. لە دهۆک ئەم وەرزە 499.4 ملیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا وەرزی بارینی پێشتر تاوەکو هەمان رێککەوت 170.9 ملیمەتر باران باریبوو. لە هەڵەبجەش تاوەکو ئەمڕۆ 333.2 ملیمەتر باران باریوە؛ پار تاوەکو هەمان رێککەوت 156.5 ملیمەتر باران باریبوو.
 
لە هەرێمی کوردستان سێ بەنداوی سەرەکی و گەورەترین هەن، بەنداوی دووکان گەورەترینیانە و توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە. بەنداوی دەربەندیخان دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، هەروەها سێیەم بەنداو بەنداوی دهۆکە توانای گلدانەوەی 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.