بەرهەمی سێوی ورمێ نزیکەی 1.5 ملیۆن تۆنە و رێکار بۆ ساخکردنەوەی نەگیراوەتەبەر

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگای ورمێ ناوەندێکی گەورەی بەرهەمهێنانی سێوە لە ئێران، بەڵام ئەم سێوە بازاڕی دەوێت، هەرچەندە کوالێتیشی بەرز بێت.
 
هاونیشتمانییەکی پیرانشار دەڵێت، "کاتێک باسی کوالێتیی سێوی پیرانشار دەکەین، کوالێتیی بەرهەم و لەقوتووکردنی بەرزە. لە ناوچە و زنجیرە چیاکانی زاگرۆسەوە بەرهەمهاتووە و لە کانیاوەکانی دامێنی شاخەکان ئاودێری دەکرێت."
 
بەڵام باخدارەکان هەموو ساڵێک بۆ بەبازاڕکردن تووشی تەنگوچەڵەمەی زۆر دەبن، تەنانەت ئەم ساڵیش، کە سەرەتای پاییز چاوەڕوان دەکرا سێو ئە مساڵ بازاڕێکی باشی هەبێت.
 
سەلمان زاکر، نوێنەری ورمێ دەڵێت، "ئەم ساڵ پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن سێوی سپی و سووری هەبوو. سێو سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی خەڵکە. بەداخەوە هێشتا سێوی خەڵک لە ساردخانەکاندا ماوەتەوە. هەر کیلۆیەک سێو 18 تاوەکو 22 هەزار تمەن خەرجیی بۆ باخەوانەکان هەبووە. ئایا رەوایە تاوەکو ئێستا 800 هەزار تۆن سێو لە ساردخانەکاندا مابنەوە؟"
 
خوسرەو شەهبازی، سەرۆکی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ، سێ مانگ لەمەوبەر گوتی، "بەهۆی سەرما و کەمبوونی سێو لە پارێزگاکانی دیکەی ئێران و تەنانەت لە وڵاتانی دیکەی بەرهەمهێنەری سێو و باشتربوونی کوالێتیی سێوی ورمێ، پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ هەناردەی سێو برەوی باشی هەبێت."
 
بەڵام ئێستا سەلمان زاکر دەڵێت، هەناردەی سێو راگیراوە. سێوی پارێزگای ورمێ بۆ وڵاتانی وەکو پاکستان، هیندستان، رووسیا، عێراق، هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دیکەش هەناردە دەکرا.
 
بەڵام بە گوتەی نوێنەرەکەی ورمێ، ئەم ساڵ وڵاتێکی وەکو پاکستان بۆ هەر کۆنتێنەرێک سێو 400 ملیۆن تمەن باجی دیاری کردووە. لە لایەکی دیکەشەوە بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئۆراسیا و هیندستان مەودایەکی زۆر هەیە و تاوەکو گەیشتن بە شوێنی مەبەست، سێوەکە کوالێتییەکەی لەدەستدەدات.
 
کەچی گوتەبێژی حکومەت دوو مانگ لەمەوبەر باسی ئەوەی کرد کە کێشەی هەناردەی سێو چارەسەر کراوە. عەلی بەهادۆری، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، "دوای 16 بۆ 17 ساڵ، کێشەی هەناردەی سێو بۆ پاکستان چارەسەر کرا."
 
بەڵام ئێستا ئەم بەرهەمە لە دەستی خەڵک ماوەتەوە و پارەیەکی کەم دەکات؛ گەرچی خەرجیی زۆری تێدا کراوە، لە بەرهەمهێنان، خەرجیی پەینی کیمیایی، کرێی کرێکار، گواستنەوە و خەرجیی ساردخانە و زۆر وردە خەرجیی دیکەش، بەڵام هێشتا قازانجێک دەستی خەڵکی نەگرتووە.
 
سێو هەلی کاری بۆ 230 هەزار کەس رەخساندووە و نزیکەی دوو ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی پارەی هەیە؛ بەڵام ئێستا باخدارەکان چاوەڕێن هەندێک بازاڕ بجووڵێت و نرخ هەندێک هەڵکشێت، بەڵکو بەرهەمی ئەم ساڵیان بەبازاڕ بکەن.