هەفتەی داهاتوو نەوت لە سەنتەری شاری هەولێر دابەش دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاند، سەرەتای هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شاری هەولێر دەستپێدەکات. باسی لەوەشکرد: "100 لیتر بە 31 هەزار دینار دابەشدەکرێت."
 
رۆژی پێنجشەممە، 15ی کانوونی دووەمی 2026، ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان تەواو بووە، ئەگەر بڕی ئەو نەوتەی بۆمان هاتووە بەشی کرد، جارێکی دیکەش بەسەر ناوچە شاخاوییەکاندا دابەشی دەکەینەوە."
 
بە گوتەی ئاری کاکەشین، تاوەکو ئێستا دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شاری هەولێر دەستی پێنەکردووە. گوتیشی: "یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی نەوت لە رێگەی سیستمی ئەلیکترۆنییەوە لە سەنتەری شاری هەولێر دەستپێدەکات."
 
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر دەڵێت، "سەرەتا لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی هەولێرەوە دەستپێدەکەین، بۆ ئەوەی ئەوان سوودمەند بن و لە بەنزینخانەکان وەریدەگرن".
 
ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەشی دەکات، بەرمیلێکی بە 105 هەزار دینار دەگاتە دەستی هاووڵاتییان. ئاری کاکەشین گوتی: "ئەمجارە 100 لیتر بە 31 هەزار دینار بۆ سەنتەری شاری هەولێر دابەشدەکرێت."
 
پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێویستیان بە 100 ملیۆن و 710 هەزار و 600 لیترە. بە گوێرەی دوایین راپۆڕتی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، لە پارێزگای هەولێر 25 ملیۆن و 244 هەزار لیتر نەوت بەسەر زیاتر 176 هەزار و 220 خێزان دابەشکراوە؛ لە ئیدارەی سۆرانیش 17 ملیۆن و 509 هەزار و 400 لیتر بەسەر زیاتر لە 87 هەزار خێزان دابەشکراوە.
 
لە 13-10-2025 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەستی بە دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان کرد.