بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ سووریا داخست

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر بڕیاردا ئەو دەروازە سنوورییانە دابخات کە خاڵی پێکەوە بەستنی سنووری قەڵەمڕەوەی هێزەکانی سووریای دیموکراتە بە دیمەشقەوە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەروازە سنوورییەکان و هاتووان لە هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، بە نووسراوێک کە ئەمڕۆ پێنجشەممە دەریکردووە، فەرمانی کردووە بە داخستنی دەروازە سنوورییەکانی تەبقا، رەققە و دەێرەزوور.
 
بڕیارەکە ئاراستەی هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاسایشی دەروازوە سنوورییەکان و هاتووان کراوە لە هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و تێیدا هاتووە، "بڕیاردراوە بە داخستنی تەواوی خاڵە سنوورییەکان لە کانتۆنەکانی تەبقا، رەققە و دێرەزوور تاوەکو کاتێکی نادیار.
 
لەبارەی هۆکاری بڕیارەکەوە دەڵێت: "بەهۆی پەرەسەندنی بارودۆخی ئەمنی لە دەروازە سنوورییەکان و ئەو هەنگاوانەی حکومەتی کاربەڕێکەری دیمەشق گرتوویەتەبەر بۆ داخستنی دەروازەکان لای خۆیەوە، کە بووەتە هۆی دروستبوونی گرژیی ئەمنی و مەترسی بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان."
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بەوەکردووە، بڕیارەکە حاڵەتە مرۆییە بەپەلە و هەڵاوێرەکان و رێکخراوە مرۆییە پەسندکراوەکان ناگرێتەوە.