هەشتەم بەشەخۆراکی پار دابەش دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

دوای ماوەیەک راگرتنی، رەزامەندی درا بە دابەشکردنی هەشتەم بەشەخۆراکی ساڵی رابردوو لەم مانگەدا. بەرپرسێکی دابەشکردنی خۆراک دەڵێت: "بە یەک نووسراوی هاوبەش تەواوی هەرێمی کوردستان لە دابەشکردنەکە ئاگادار کراوەتەوە".
 
ساڵی 2025 تەنیا حەوت بەشەخۆراکی مانگانە دابەشکرا و بڕیاربوو بەشی هەشتەم دابەش بکرێت، بەڵام داواکارییەکی حکومەتی عێراق دابەشكردنەکەی دواخست.
 
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ بە نووسراوێکی بەغدا کە رەوانەی هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی دابەشکرنی خۆراک کراوە لە هەرێمی کوردستان ئاگادار کراینەوە، کە  هەشتەم بەشەخۆراک دابەش بکەین".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، حکومەتی عێراق داوای پارەی ساڵانی 2003 تاوەکو 2022ـی لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "دەبێ بۆ یەک کەس 250 دینار بۆ ئەو ساڵانە بنێردرێت کە لەو ساڵانەدا نەنێردراوە، بۆ ئەوەش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدان."
 
کامەران فەتاح گوتی: "بەشەخۆراکی هەشتەمی پار دەنێردرێت و دواتر بڕیار لەسەر داواکارییەکەی عێراق دەدرێت، بۆیە نازانین بەشی دواتر کەی و چۆن دابەش دەکرێت".
 
ئێستا هەر کەسێک بەشەخۆراکی مانگانە وەردەگرێت، 750 دیناری لێوەردەگیرێت، لەو بڕە 352 دیناری بۆ حکومەتی عێراقە و ئەوی دیکەی بۆ رسوومات و بریکارەکانە. بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی گوتی، "عێراق داوای کردووە لەمەودوا هەر کەسێک بڕی هەزار دیناری لێوەربگیرێت، بەڵام بۆ بەشی هەشتەمیش ئەو پارەیە زیاد نەکراوە".
 
لەبارەی کاتی دابەشکردنەکەوە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی گوتی: "دووشەممە دابەشی دەکەین".
 
دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "بڕیاری دابەشکردنی بەشی هەشتەمی خۆراک دراوە، لە دوێنێوە وەرگرتنی پارەمان لە بریکارەکان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی خۆراکیان پێ بدەین".
 
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر گوتی: "دوێنێ 30 بریکار پارەیان رادەستکردووە و داواکارین ئەوانەی ماون ئەمڕۆ پارە بهێنن. هەروەها لە یەکشەممەوە بە قۆناخ دابەشی دەکەین".
 
لە ساڵی 2024دا 10 بەشەخۆراک دابەشکرا،  پاریش حەوت بەشەخۆراک دابەشکراوە.
 
پێش گۆڕینی فۆرمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، لە 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت، بەڵام بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانی، 294 هەزار و 432 هاونیشتمانی بەهۆی تۆمارنەکردنیان لە سیستمی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراکیان بڕدراوە.