بەفر دەروازەی کێلێی داخست و ئاستەنگی هاتووچۆی لە حاجی ئۆمەران و زێت دروستکرد

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە، هاتووچۆ لە دەروازەی سنووریی کێلێ بە تەواوی وەستاوە. لە دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و زێتیش ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ دروستبووە، بەڵام لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل هاتووچۆ ئاساییە.
 
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە، شەپۆلێکی بەفر و باران باشووری کوردستانی گرتووەتەوە. بەپێی پێشبینی کەشناسان ئەمڕۆ شەپۆلەکە کۆتایی دێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2026، بەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوو رۆژ پێش ئێستا هاتووچۆی بازرگانی لە دەروازەی کێلێ وەستا، دوێنێش هاتووچۆی گەشتیاری وەستا. ئەمڕۆش بەهۆی بارینی 20 بۆ 25 سانتیمەتر بەفر، کە لە دیوی ئێرانیش زیاترە، هاتووچۆ لە دەروازەکە نییە."
 
دەروازەی کێلێ دەکەوێتە سنووری قەزای پشدەر لە پارێزگای سلێمانی و هەرێمی کوردستان بە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەبەستێتەوە.
 
حاجی ئۆمەران؛ هاتووچۆ سەختە، بەڵام نەوەستاوە
 
لە سنووری پارێزگای هەولێریش، بەفربارین کاریگەریی لەسەر هاتووچۆ هەبووە. سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە رووداوی راگەیاند: "بەفرێکی زۆر باریوە، بەڵام تیمەکانمان 24 کاژێر خەریکی راماڵینی رێگەکانن و ناهێڵن دابخرێت".
 
گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران گوتی: "هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی هەیە، بەڵام ئاستەنگ دروستبووە و هاتووچۆ سەختە."
 
دەروازەی حاجی ئۆمەران لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە و لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاوسنوورە لەگەڵ دەروازەی تەمەرچین.
 
دەروازەی زێت؛ لە دیوی تورکیا داخراوە
 
جەواد سوار حەمەد، سەرپەرشتیاری دەروازەی زێت لە سنووری قەزای مێرگەسۆر بە رووداوی راگەیاند: "لە لای ئێمە تیمەکانمان بەردەوام خەریکی راماڵینی رێگەکەن لە بەفر و هاتووچۆ نەوەستاوە، بەڵام لە دیوی تورکیاوە بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە رێگەکە گیراوە و هاتووچۆ وەستاوە".
 
بە گوتەی جەواد سوار حەمەد، بڕیارە تاوەکو کاژێر 01:30ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کێشەکە چارەسەر بکرێت و هاتووچۆ ئاسایی بێتەوە.
 
دەروازەی زێت کە دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سۆران و هەرێمی کوردستان بە تورکیا دەبەستێتەوە، لە 10-05-2023ـەوە بە فەرمی کرایەوە.
 
بە پێچەوانەی دەروازە نێودەوڵەتییە شاخاوییەکان، لە دەروازە سەرەکییەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دۆخەکە ئاساییە. کامی کەمال، گوتەبێژی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بە رووداوی راگەیاند: "لای ئێمە بەفر نەباریوە و تەنیا بارانە، بۆیە هاتووچۆ بە تەواوی ئاساییە و هیچ جۆرە راگرتنێک لە هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانیدا نییە."
 
دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل، گەورەترین  دەروازەی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقە لەگەڵ تورکیا.