عەلوەکانی هەرێمی کوردستان: زیاتر لە نیوەی بەرهەمەکانمان لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێ و رانەگیراوە

رووداو دیجیتاڵ

بە گوتەی بەرپرسانی عەلوەکان بۆ رووداو، 85%ـی بەرهەمی عەلوەی سلێمانی و 60%ـی بەرهەمی عەلوەی هەولێر لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاوردە دەکرێن. ئاماژە بەوەش دەکەن: "هاوردە رانەگیراوە، رابگیرێت نرخ لە هەرێمی کوردستان بەرز دەبێتەوە".
 
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زۆرینەی بەرهەمی عەلوەکەمان ئێرانییە و هاوردە بەردەوامە، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ئەو وڵاتەوە کێشەی حەواڵەی پارە و نەبوونی ئینتەرنێت دروستبوون، ئێستا زۆر بە زەحمەت دەتوانین پارە حەواڵە بکەین".
 
بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێ: "85%ـی بەربوومی عەلوە ئێستا لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت"
 
سەروەر عەلی گوتی: "هیچ بەرهەمێک هاوردەی کەمی نەکردووە، بەڵام ئێران گومرگی زیاد کردووە و هەموو سەوزە و میوەیەک 30 بۆ 50 دینار چووەتەسەر یەک کیلۆی".
 
خەیار، تەماتە، باینجان، کولەکە، پەتاتە، پیاز، بیبەر، پرتەقاڵ، سێو، کێوی، کاڵەک و شووتی بەشێکی ئەو بەرهەمانەن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.
 
رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لانیکەم 60%ـی بەرهەمی عەلوەکەمان لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت و تاوەکو ئەمڕۆ هیچ هاوردەیەک رانەگیراوە".
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر گوتی: "نەبوونی ئینتەرنێت لە ئێران کەمێک کێشەی بۆ دروستکردووین، بەڵام کارەکانی رانەگرتووە، هیچ نرخێکیش بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە بەرز نەبووەتەوە".
 
رەجەب حاجی عەزیز ئاماژەی بەوە کرد: "ئەگەر لە ئێرانەوە هاوردە رابگیرێت، بەدڵناییەوە نرخی هەموو سەوزە و میوەیەک لە هەرێمی کوردستان بەرز دەبێتەوە".
 
وەرزی زستان خراپترین وەرزە بۆ بەرهەمی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و زۆرینەی پێداویستییەکانی سەوزە و میوە هاوردە دەکات.