لیستی مووچەی مانگی یەک ئامادە نەکراوە و بەغداش داواکاریی تازەی هەیە

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، لیستی مووچەی ئەم مانگە هێشتا تەواو نەبووە. بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەڵێن: "تاوەکو ئێستا لیستیان بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان نەناردووە، چونکە داوا کراوە بکرێتە سیستەمی پەیڕۆڵ."
 
رۆژی پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026،  سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئامادەکارییەکانی لیستی مووچەی مانگی یەک تەواو نەبووە؛ چونکە ئەم مانگە هەندێک گۆڕانکاری کراوە؛ یەکێک لەوانە بەغدا داوای کردووە مووچەی خانەنشینانیش بخرێتە نێو سیستمی پەیڕۆڵەوە؛ ئەم مانگە وەک یەکەم مانگ لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان لیست بە سیستەمی پەیڕۆڵ ئامادە دەکرێت، واتە لیستی مووچەی مانگی یەک لە ئامادەکاریدایە."
 
بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو، "لیستی مووچە دوا ناکەوێت، هێشتا زووە و هەموو کاتێک وەزارەتی دارایی عێراق دوای 20ی مانگ دەست بە رێکارەکانی خۆی دەکات. دوای دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی، ئەوکات مووچەی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات؛ واتە ئەگەر ئێستاش بمانناردبا سوودی نەبوو، بۆیە دوانەکەوتووە و دواش ناکەوێت."
 
لەبارەی کاتی ناردنی لیستەکە، ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی گوتی، "بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەفتەی داهاتوو ئامادەکارییەکان تەواو دەبن، دوای تەواوبوون یان لە هەمان هەفتە دەنێردرێت یان دەکەوێتە سەرەتای هەفتەی دواترەوە."
 
رووداو لەبارەی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی پرسیاری لە سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی کرد و ئەویش گوتی، "بڕیارە ئەم مانگەش 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بنێردرێت. دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا یان بەغدا بڕیاری دا مووچەی هەرێمی کوردستانی خەرج بکات، راستەوخۆ 120 ملیارەکە دەنێرین و ئامادەیە."
 
ئاراس محەممەد شێخ مەمدووح، بەڕێوەبەری خانەنشینیی پارێزگای دهۆک بە رووداوی گوت: "کار لە لیستی مووچە دەکەین و هێشتا بۆ وەزارەتی داراییمان نەناردووە و وەزارەتی داراییش داوای نەکردووە، بەڵام ئەم مانگە بە سیستمی پەیڕۆڵ لیستەکە بۆ وەزارەتی دارایی دەنێرین؛ رێکارەکانمان کردووە و بۆ بەشی تەکنەلۆژیامان ناردووە، دوای ئەوەی ئەوان پێداچوونەوەی پێدا دەکەن و کێشەی نەبێت، ئێمەش بۆ وەزارەتی دارایی دەنێرین."
 
بەڕێوەبەری خانەنشینیی پارێزگای دهۆک گوتیشی، "مانگی رابردوو لە 17ی مانگ ناردوومانە، واتە ئێستاش دوا نەکەوتووە، تەنیا هەندێک رێکاری بۆ زیاد بووە."
 
بەرپرسێکی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "لە سلێمانی و هەولێریش دەست بە ئامادەکارییەکان کراوە و بە شێوازی پەیڕۆڵ ئامادە دەکرێت؛ بەغدا ئەم داواکارییەی کردووە، ئیتر لیست نامێنێت و مانگانە لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە لیستی خانەنشینانیش دەنێردرێت. لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان هێشتا ئامادەکارییەکان تەواو نەبوون؛ بەڵام دوانەکەوتووە و لە کاتی خۆیدا تەواو دەبێت."
 
دواین جار 29-12-2025،  وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پارەی پێویستی بۆ مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مووچەخۆران خستووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەت. هەروەها لیستی مووچەشی بڵاوکردەوە کە لە رۆژانی 29، 30 و 31ـی مانگ مووچەی سەرجەم فەرمانبەران دابەش دەکرێت.