قایمقامییەتی سلێمانی: لە گوندی ئەڵمانی سیستمی سەلامەتی کەموکورتی تێدایە


رووداو - هەولێر

لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامییەتی سلێمانی بەدواداچوون بۆ كێشەكانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی گوندی ئەڵمانی یەك و دووی شاری سلێمانی دەكات. سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی خزمەتگوزاری كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوونیش دەڵێ‌ "كەموكورتی لە سیستمی سەلامەتی ‌و خزمەتگوزارییەكانی ئاو و كارەباو سەوزایی پڕۆژەكە هەیە".

بەپێی راگەیێندراوێکی قایمقامییەتی سلێمانی، کە کۆپییەکی بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) نێردراوە، "پاش بەدواداچوونی لیژنەكان دەركەوت كەموكورتی لە سیستمی سەلامەتی و خزمەتگوزارییەكانی ئاو و كارەباو سەوزایی پڕۆژەكەدا هەیە". هەروەها باسی لەوەش كردوە كە ئەوان وەكو لیژنە هاوبەشەكان، بەڵێندەری پڕۆژەكە‌و یەكێتی وەبەرهێنەرانی سلێمانی ئاگادار دەكەنەوە، کە "لە كەمترین ماوەدا چارەسەری كێشەو كەموكورتییەكانی پرۆژەكە بكرێت كە پەیوەندی بە سەلامەتی و ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیانەوە هەیە".

دەقی راگەیێندراوەکەو ئەو وێنانەی پرۆژەکە کە لەلایەن لیژنەکەوە گیراون

بەدواداچوون بۆ كێشەكانی گوندی ئەڵمانی دەكرێت

 لەسەر سكاڵای هاوڵاتیان لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی بەدواداچوون بۆ كێشەی پرۆژەی نیشتەجێبوونی گوندی ئەڵمانی یەك و دووی شاری سلێمانی دەكات.

پاش ئەوەی لە لایەن بەشداربووانی گوندی ئەڵمانییەوە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاگاداركرایەوە لە بوونی چەند كێشەیەكی خزمەتگوزاری لە یەكێك لە كۆمەڵگاكانی نیشتەجێبوونی شاری سلێمانی، دەسبەجێ‌ هەردوو لیژنەی بەدواداچوونی خزمەتگوزاری كۆمەڵگاكانی نیشتەجێبوون و لیژنەی سەلامەتی باڵەخانەكان لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەت سەردانی گوندی ئەڵمانییان كردو لەنزیكەوە لە كێشەو داواكارییەكانی هاوڵاتیانییان كۆڵییەوە.

لەم بارەیەوە دەریا ئەنوەر تاهیر سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی خزمەتگوزاری كۆمەڵگاكانی نیشتەجێبوون رایگەیاند: پاش بەدواداچوون كردنی لیژنەكانمان دەركەوت كەموكورتی لە سیستمی سەلامەتی و خزمەتگوزارییەكانی ئاو وكارەباو سەوزایی پرۆژەكەدا هەیە، و ئەمەش كێشەیەكی سەرەكی بۆ ئەو خێزانانە دروست كردووە كەلەو كۆمەڵگایەدا نیشتەجێن ، وتیشی ئێمە وەكو لیژنە هاوبەشەكان بەڵێندەری پرۆژەكە و یەكێتی وەبەرهێنەرانی سلێمانی ئاگادار دەكەینەوە لە كەمترین ماوەدا چارەسەری كێشەو كەم و كورتییەكانی پرۆژەكە بكرێت كە پەیوەندی بە سەلامەتی و ژیانی رۆژانەی هاوڵاتیانەوە هەیە.

بەمەبەستی بەدواداچوون كردنی زیاتریش لیژنە هاوبەشەكان هاوڵاتیانی نیشتەجێیووی ئەو كۆمەڵگایانە ئاگاداردەكاتەوە لەكاتی هەبوونی هەرجۆرە كێشەو كەم و كورتییەكدا لیژنەكانی لێ ئاگاداربكەنەوە . راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی