قایمقامی هەولێر: کەمتر لە یەک مانگی دیکە بەشی یەکەمی بۆریی ئیفراز سێ دەگۆڕدرێت


رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی هەولێر دەڵێت، کارکردن لە بەشێکی بۆریی ئاوی ئیفراز سێ لە قۆناخی کۆتاییدایە و کەمتر لە یەک مانگی دیکە بۆرییە نوێیەکە دادەنرێت کە 2750 مەترە. 
 
رۆژی چوارشەممە 15-2-2023، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارکردن لە قۆناخی یەکەمی بۆریی ئیفراز سێ بەردەوامە، کەمتر لەیەک مانگی دیکە سەرجەم کارەکانی تەواو دەبن و بۆرییە نوێیەکە دەبەسترێت."
 
بۆریی ئاوی ئیفراز سێ ماوەی 15 ساڵە دانراوە و تاوەکو ئێستا چەندین جار شکاوە و چاککراوەتەوە. قایمقامی هەولێر دەڵێت: "ئەو بۆرییەی دەگۆڕدرێت ئەوەیە کە بەردەوام دەشکا و چاکدەکرایەوە. بۆریە نوێیەکە لە وێستگەی ناوەندی مەرعودا دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە گەڕەکی 108ی عەنکاوە کە درێژییەکەی 2750 مەترە." 
 
کانوونی یەکەمی 2022 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 20 ملیار دیناری بۆ گۆڕینی بۆریی ئیفراز سێ خەرجکرد. نەبەز عەبدولحەمید گوتی: "بۆ گۆڕینی قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە بڕی چوار ملیار و 350 ملیۆن دینار خەرجکراوە."
 
لەبارەی دانانی بۆریی ئیفراز چوار، قایمقامی هەولێر دەڵێت: "ئەو پلانە دەمێکە هەیە و پڕۆژەیەکی گەورەیە، بەڵام چاوەڕوانی بودجەین، چونکە پێشتریش بەهۆی نەبوونی بودجە دروستکردنی دواخراوە."
 
رۆژی 11ی کانوونی یەکەمی 2022، کارکردن لە قۆناخی یەکەمی بۆریی ئیفراز سێ دەستیپێکرد. پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای ئاوازەوە جێبەجێ دەکرێت کە کۆمپانیایەکی نێوخۆییە و وادەی تەواوبوونی 120 رۆژی بۆ دانراوە.
 
بۆریی ئاوی ئیفراز سێ لە ماددەی فایبەر گڵاس دروستکراوە. بۆرییەکە رۆژانە نزیکەی 240 ملیۆن لیتر ئاو دابیندەکات؛ ئەو بۆرییە کەوتووەتە باکووری شاری هەولێر و نزیکەی 40%ی ئاوی شاری هەولێر دابیندەکات؛ گەڕەکەکانی زانکۆ، باداوە، فەرمانبەران، ئیسکان و چەند گەڕەکێکی دیکە لەگەڵ شکانی ئەو بۆرییەدا رووبەڕووی کێشەی نەبوونی ئاو دەبنەوە.