ئومێد خۆشناو لەبارەی لافاوەکەی ئەمڕۆی هەولێر: زیانی گیانی نەبووە
رووداو دیجیتاڵ
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، لافاوەکەی ئەمڕۆی هەولێر قوربانی گیانی تێدا نەبووە و ئێستاش دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە.
هەروەها گوتی، پلانێک دادەنێن بۆ چارەسەرکردنی گرفتی نزیک بازاڕ و پردی سەیداوە.
ئومێد خۆشناو ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە شوێنی پەنگخواردنەوەی ئاو لە نزیک پردی سەیداوە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
ئەمڕۆ لە دەوروبەری پردی سەیداوە لە هەولێر، 11 ئۆتۆمبێل ژێرئاو کەوتن و لە شوێنەکانی دیکەی شارەکەش دەیان ئۆتۆمبێلی دیکە زیانیان بەرکەوت.
پارێزگاری هەولێر لەبارەی ئەو شوێنانەی شارەکەی کە ئەگەری کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاویان تێدایە گوتی، "چوار شوێن ماون کە هەمیشە مەترسی لافاویان هەیە، ئەوانیش بریتین لە گەڕەکی سەیداوە، گەڕەکی گڵکەند، بەرزەپردی ئەکرەم مەنتک و بەرزە پردی نزیک فاملی مۆڵ".
ئاماژەی بەوەشکرد، لە 24 کاژێری رابردوودا، سەرجەم تیمەکانیان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، "بەڵام هێشتا بەداخەوە لێرە [لای پردی سەیداوە] نزیکەی 10 ئۆتۆمبێل ژێر ئاوکەوتوون و چەند دووکانێکیش زەرەرمەند بوون".
لەبارەی ژێرئاوکەوتنی ئۆتۆمبێلەکانەوە لە سەیداوە، ئومێد خۆشناو دەڵێت، بەشێکی کەمتەرخەمی خودی شۆفێرەکانە چونکە ئاگادارکراونەتەوە لەو شوێنەدا ئۆتۆمبێل رانەگرن.